دادوەریی عێراق لێکۆڵینەوە لەو تیرۆریستانەی داعش دەکات کە لە سووریاوە گەڕێنراونەتەوە

دەسەڵاتی دادوەریی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەی داعش دەستپێکردووە کە ماوەیەک لەمەبەر لە سووریاوە گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی شوباتی 2026، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دەستی بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ 1,387 تیرۆریستی داعش کردووە، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ناو خاکی سووریاوە گەڕێندراونەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لێکۆڵینەوەکان لەلایەن ژمارەیەک دادوەرانی پسپۆڕ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستیانپێکردووە، کە تێیدا رێوشوێنە یاساییەکان جێبەجێ دەکرێن. مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراواندا لە چوارچێوەی یاسایی و مرۆیی پەسەندکراو دەبێت، کە ئەمەش بەپێی یاسا نیشتمانییەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە."

جەختیش لەوە کراوەتەوە "ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق دێن بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، کە هاوکات لەگەڵ هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتییە کە ئامانجی چارەسەرکردنی دۆسیەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو تاوانانەیە کە دەگەنە ئاستی تاوانی جینۆساید و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی."

کۆتایی مانگی رابردوو، گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ عێراق دەستیپێکردووە؛ تا ئێستا نزیکەی 500 زیندانی گواستراونەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەکە بگاتە حەوت هەزار تیرۆریست. 

تا ئێستا ئاشكرا نەبووە، ئەو تیرۆریستانەی گوازراونەتە عێراق لە نێو کامە زیندان زیندانی کراون؛ بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی بەغدا، تیرۆریستەکان لە یەک زینداندا دانانرێن، بەڵکوو بەسەر ژمارەیەک زیندانی تایبەتدا دابەش دەکرێن.