پەرلەمانی عێراق داوای کاندیدی فراکسیۆنەکان بۆ دابەشکردنی لیژنەکان دەکات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کرد، پەلە بکەن لە پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی فراکسیۆنەکانیان بۆ ئەندامییەتی لە لیژنەکانی پەرلەمان.

دووشەممە 2ـی دووەمی 2026، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، راگەیاندووە، یەکلایی کردنەوەی لیژنەکانی پەرلەمان هەنگاوێکی جەوهەرییە لە رەوتی تەواوکردنی پێکهاتەی دامەزراوەیی دەسەڵاتی یاسادانان، و مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت دەسەڵاتە یاسایی و ئەرکە چاودێری و یاسادانانەکانی بە کارامەیی و توانایەکی بەرزەوە جێبەجێ بکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێداگیرە لەسەر تەواوکردنی پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکان لە نزیکترین کاتدا، چونکە لیژنەکان فاکتەرێکی کاریگەرن لە بەڕێوەبردنی کارە پەرلەمانییەکان و داڕشتنی یاساکاندا.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، خولی ئێستای پەرلەمان گرنگییەکی زۆر دەدات بە دەرکردنی ئەو یاسا جەوهەرییانە هەیە کە راستەوخۆیان پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییە ئابووری و خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتییەکانیان بێت، لەگەڵ چالاککردنی رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەن بە بەرزترین ئاستی جیددی و توندی لە بەدواداچوونی ئەدای حکوومەت. لەگەڵ دەستەبەرکردنی بەڕێوەبردنی باشی سەرچاوە گشتییەکان، و پاراستنی ماڵی گشتی، و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.