پۆمپێیۆ: میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشەکەیان ئەنجامداوە

"هیچ کەسێکی باڵیۆزخانەکەمان زیانی بەرنەکەوتووە"
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وێنە: JIM WATSON/AFP
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وێنە: JIM WATSON/AFP

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ "میلیشیاکانی سەر بە ئێران"ـی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشەی شەوی رابردوو کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا.

لە راگەیەندراوێکدا مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە ملیشیاکانی سەر بە ئێران بە مووشەک کردییانە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا. لەکاتێکدا هیچ کەسێکی باڵیۆزخانەکە زیانی بەرنەکەوتووە، هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی بەلایەنی کەمەوە کەسێکی مەدەنی عێراقی ببێتە قوربانی، هەروەها موڵکوماڵی خەڵکی سڤیلی عێراق زیانی بەرکەوتووە. هیوادارین ئەوانەی برینداربوون، بەزووترین کات چاکببنەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا "میلیشیاکانی سەر بە ئێران" تۆمەتبار دەکات بەوەی؛ ئەوان گەورەترین رێگرن لەبەردەم هاتنەدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە عێراق.

پۆمپێیۆ دەڵێ "لەکاتێکدا خەڵکی عێراق بەهۆی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی لە زەحمەتیدا دەژین، میلیشیاکانی سەر بە ئێران گەورەترین رێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق. ئەو میلیشیایانەی دامەزراوە دیپلۆماتییەکان دەکەنە ئامانج، هەمان ئەوانەن سەرچاوەکانی حکومەتی عێراق بە ئەندازەی بێشومار دەدزن، هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەر و چالاکوانانی ئاشتیخواز و دەبنە هۆی تووندوتیژیی تائیفی".

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، رایگەیاندووە لەئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی (شەوی رابردوو) بۆ سەر ناوچەی سەوز، زیانێکی کەم بە بەشی پێشەوەی باڵیۆزخانەکە کەوتووە.

شەوی رابردوو چەند مووشەکێک، ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران، بەڵام سیستەمی دژەمووشەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەرپەرچی داونەتەوە.

بەپێی میدیاکانی ئەمەریکا، پێشتر واشنتن لە مانگی سێپتەمبەردا هۆشداریی داوەتە عێراق ئەگەر ئەو هێرشانە بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی بەردەوام بن، باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دادەخات.