وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەواڵی کردنەوەی سنوورەکانی بە رووی پەنابەرانی سووری رەت دەکاتەوە

سنووری عێراق لەگەڵ سووریا
سنووری عێراق لەگەڵ سووریا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، تەواوی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کردنەوەی سنوورەکانی وڵاتەکە دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە شەپۆلێکی نوێی ئاوارە و پەنابەرانی سووریا. 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی کردەوە، هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ وەرگرتنی پەنابەران نەدراوە و ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک ناوەندی میدیایی بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە و بێبنەمایە.

ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا پڕوپاگەندەیەک بڵاوکرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتنی 350 هەزار پەنابەری سووری لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە. 

وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاووڵاتییان، بلۆگەرەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد، بەوپەڕی وردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ هەواڵەکاندا بکەن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ناڕاست بەدوور بگرن کە دەبێتە هۆی پشێوی لە ڕای گشتیدا.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە بۆ هەر زانیارییەک، تەنیا شوێن ماڵپەڕ و ئەکاونتە فەرمییەکانی دامەزراوە حکوومییەکان بکەون، جەختیش کرایەوە، بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست بەرپرسیارێتی یاسایی لێ دەکەوێتەوە، چونکە ئەم بابەتانە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی گشتیی وڵاتەوە هەیە.