بەریتانیا سزای بەسەر 11 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پاکێجێکی نوێی سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاند کە 10 کەسایەتی و دەستەیەکی ئەمنی دەگرێتەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سزاکان ئەو کەس و لایەنانەی کردووەتە ئامانج کە تێوەگلاون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین.
بەگوێرەی بڕیارەکە، تەواوی ئەو کەسایەتی و دامەزراوانەی ناویان لە لیستەکەدایە، سەرجەم موڵک و سامانەکانیان بلۆک دەکرێت و قەدەغەی گەشتکردن بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیان لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
ئەم هەنگاوەی لەندەن لە کاتێکدایە، ڕۆژی 29ی کانوونی دووەم، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەهۆی دۆخی مافی مرۆڤەوە، سوپای پاسدارانی ئێرانیان خستە لیستی تیرۆرەوە؛ لە بەرامبەردا و دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، پەرلەمانی ئێران وەک کاردانەوەیەک سوپای وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپای بە "تیرۆریست" ناساند.