بەهۆی نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا، زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان دەرگایان بەڕووی بەریتانیا داخست

ڤایرۆسە نوێیەکە، بەخێراییەکی زیاتر بڵاودەبێتەوە
ژمارەیەکی زۆر فڕۆکە لە فڕۆکەخانەیەک راگیراون لەکاتی کەرەنتینەکردن: وێنە: GETTY
ژمارەیەکی زۆر فڕۆکە لە فڕۆکەخانەیەک راگیراون لەکاتی کەرەنتینەکردن: وێنە: GETTY

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی دوێنێ بەریتانیا بڵاوبوونەوەی نەوەیەکی نوێی کۆرۆنای راگەیاند، کە "توانای بڵاوبوونەوەی زیاترە و، لە کۆنترۆڵ دەرچووە"، یەک بە یەک وڵاتان لە سەرانسەری جیهان دەستیان بە قەدەغەکردنی هاتنی فڕۆکە کرد لە بەریتانیاوە.

ئەمانە ئەو وڵاتانەن تائێستا بڕیاریان لەبارەی بەریتانیا داوە:

هۆنگ کۆنگ

لە نیوەشەوی ئەمشەوەوە هۆنگ کۆنگ هەموو گەشتێکی ئاسمانی لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەی قەدەغە دەکات، هەروەها ماوەی کەرەنتینەکردنی ئەو گەشتیارانەی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو گەیشتوونەتە هۆنگ کۆنگ، درێژدەکرێتەوە.

فەرەنسا

یەکشەممە رایگەیاند بۆ ماوەی 48 کاتژمێر هەموو جۆرە گەشتێک بە رێگای: وشکانی، ئاسمانی ئاوی و شەمەندەفەر بۆ بەریتانیا و لێیەوە قەدەغە دەکات.

ئەڵمانیا

هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانی لە بەریتانیاوە قەدەغەکردووە لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی رابردووەوە. سەرچاوەیەکی حکومی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، بەرلین لەئێستاوە دەستی بە رێکارەکان کردووە بۆ ئەوەی قەدەغەکردنەکە لە مانگی داهاتووش بەردەوام بێت.

ئیتاڵیا

رۆبێرتۆ سپێرنازا، وەزیری تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاند فەرمانێکی فەرمیی واژۆکردووە کە بەهۆیەوە رێگە لە گەشتە ئاسمانییەکانی بەریتانیا دەگرێت بۆ وڵاتەکەی، هەروەها تاوەکو 14 رۆژ رێگە بەو کەسانە نادرێت بێنە ئیتاڵیا، کە لە بەریتانیا بوون.

ئێرلەندا
لە نیوەشەوی رابردووەوە هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانی لە بەریتانیاوە قەدەغە کردووە.

هۆڵەندا

لە نیوەشەوی رابردووەوە هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانی لە بەریتانیاوە بۆ وڵات قەدەغە کردووە تاوەکو یەکی ساڵی داهاتوو. یەک کەیسیش لەو وڵاتە دەستینشانکراوە، کە کەسەکە نەوە نوێیەکەی کۆرۆنای تووشبووە.

وڵاتانی دیکەی ئەوروپا

بەلجیکا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بۆ بەریتانیا راگرت. فینلاند بۆ دوو هەفتە گەشتەکانی راگرتووە و سویسراش تاوەکو کاتیکی نادیار.

هەریەک لە ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا گەشتی ئاسمانییان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکانیان راگرتووە.

بولگاریا لە نیوەشەوی رابردووەوە گەشتە ئاسمانییەکانی لە بەریتانیاوە بۆ وڵات قەدەغە کردووە تاوەکو 31-1-2020.

رۆمانیا هەموو گەشتێکی ئاسمانی لە بەریتانیا و بۆ بەریتانیا قەدەغەکردووە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە)ـەوە.

کرواتیا بۆ ماوەی 48 کاتژمێر گەشتەکانی لەگەڵ بەریتانیا "بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵپەساردووە".

کەنەدا

جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانی لە بەریتانیاوە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر قەدەغە دەکرێت. هەروەها ئەوانەی رۆژی یەکشەممە لە بەریتانیاوە گەیشتوونەتە کەنەدا، دووبارە بەشێوازی پێشکەوتوو پشکنینیان بۆ دەکرێت.

تورکیا

فەهرەتین کۆچا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند گەشتی ئاسمانی لە بەریتانیا و دانیمارک کە نۆ کەیسی نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ تۆمارکراوە، لەگەڵ هەریەک لە هۆڵەندا و باشووری ئەفریقا قەدەغە دەکرێن.

ئێران

ئاژانسی ئێرنا لە زاری وەزیری تەندروستیی ئێرانەوە رایگەیاند، هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانی بۆ ماوەی دوو هەفتە لەنێوان ئێران و بەریتانیا قەدەغە دەکرێت.

ئیسرائیل

ئیسرائیل گەشتی هاتنەناوەوەی هاووڵاتییانی لە بەریتانیا و دانیمارک و ئەفریقای باشوور قەدەغە کردووە. لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: هەر هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کە لەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە، دەخرێنە سەنتەرەکانی کەرەنتینەکردن.

سعودیە

سعودیە دەرگا ئاسمانی و ئاوییەکانی بەڕووی بەریتانیا بۆ بەلایەنی کەمەوە یەک هەفتە بەڕووی بەریتانیا داخست.
ئەو هاووڵاتییە سعودییانەی لەو وڵاتانە گەڕاونەتەوە، کە نەوە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ تۆمارکراوە، دەبێت بۆ ماوەی دوو هەفتە خۆیان کەرەنتینە بکەن و پشکنین بکەن.

کوەیت

کوەیت بەریتانیای خستووەتە لیستی "وڵاتە زۆر مەترسیدارەکان" و هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانیی لەگەڵ ئەو وڵاتە قەدەغە کردووە.

سەلڤادۆر

سەرۆکی سەلڤادۆر لە تویتەر رایگەیاند، هەرکەسێک لەماوەی 30 رۆژی رابردوودا لە بەریتانیا یان ئەفریقای باشوور بووبێت، رێگەی پێنادرێت بێتە نێو وڵات.

ئەرجەنتین

دوایین گەشتی ئاسمانی لە بەریتانیاوە بۆ ئەرجەنتین، ئەمڕۆ ئەنجامدەدرێت، ئیدی گەشتەکان دەوەستێنرێن.

چیللی

چیللی رایگەیاند گەشتە ئاسمانییەکانی لە بەریتانیاوە لە رۆژی سێشەممەوە رادەگرێت، "ئەو گەشتیارانەی مۆڵەتی مانەوەیان نییە، یان ئەوانەی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەردانی بەریتانیایان کردووە، رێگەیان پێنادرێت بێنە نێو وڵاتەوە.

مەغریب
مەغریب لە رۆژی یەکشەممەوە هەموو گەشتێکی ئاسمانی بۆ و لە بەریتانیاوە قەدەغەکردووە.