نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی 300 هەزار پەنابەری سووری لە عێراقن

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 100 هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین

گوتەبێژی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد نزیکەی 300 هەزار پەنابەری سووری لە عێراقن.

لیلی کارلایۆ، گوتەبێژی کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند "زیاتر لە 340 هەزار پەنابەر و ئاوارە لە عێراق هەن، کە لە 88%ـی ئەو پەنابەرانەش خەڵکی سووریان."

لیلی ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆربەی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق لە شوێنی تایبەت یان لە شوێنە نافەرمیەکان دەژین، هەروەها زیاتر لە 101 هەزار ئاوارەی عێراقی لە 20 کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن."

گوتیشی: کۆمیساریای باڵای پەنابەران گرنگی دەدات بە دڵنیابوون لە پاراستنی پەنابەران و ئاوارەکان، هەروەها دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەک پەروەردە و چاودێری تەندروستی بۆ دەستەبەردەکات.

رایگەیاندووە، کۆمیساریای باڵای پەنابەران بەردەوامە لە گرنگیدان بە تۆمارکردنی پەنابەران و ئاوارەکان، بەدەستهێنانی بەڵگەنامەکانی حکوومەت کە رێگەیان پێبدات بچنە ناو ئاوەرەکان و خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن و چارەسەرێک بۆ دۆخی ئەو پەنابەرانە بدۆزیتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانی ناوخۆ، گوتەبێژەکە پشتڕاستی کردەوە کە، لە ساڵی 2025دا، 1221 خێزانی ئاوارە کە ژمارەیان 5580 کەسە کەمپەکانیان جێهێشتووە و زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە زێدی خۆیان لە نەینەوا و سەلاحەددین و پارێزگاکانی دیکە، هەروەها کۆمسیۆن بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ.