نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا بۆ کوردستان24: سەرۆک بارزانی رێگری لە کۆمەڵکوژی کورد کرد

نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا دەڵێت، سەرۆک بارزانی کلیلی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا بوو و رێگری لە کۆمەڵکوژی کورد کرد. 

سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمریکا، بە عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی سەرەکییان لەو رێککەوتنەدا هەبووە کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق واژۆ کراوە. 

سینەم محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیان تێکەڵبوونە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بە شێوەیەک کە مافەکانی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکرێن.

 لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سووریا و هێزەکانی ئاسایشیش دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها خوێندن بە زمانی کوردی بە فەرمی دەکرێت و دامەزراوەکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر دەبنە بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.

نوێنەرەکەی مەسەدە جەختی لەوە کردەوە، گرنگە رێککەوتنەکە وەک خۆی لە حەسەکە و قامشلۆ جێبەجێ بکرێت و پشتگوێخستنی کورد بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت. 

رێککەوتنەکە دوای گرژی و پێکدادانی سەربازی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە هات، کە بووە هۆی نیگەرانی نێودەوڵەتی و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە 2ی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە و لە قۆناغی یەکەمدا هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی سووریا لە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ جێگیر دەکرێن. 

سەرۆک بارزانی و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و فەرەنسا رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە گەیشتن بەم رێککەوتنە و وەک گەرەنتیکاری سیاسی پرۆسەکە دەمێننەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئاڵۆز بووە و چەندین جار دانوستان و پێکدادانی سەربازی لەنێوانیاندا روویداوە.

 ئەم رێککەوتنە نوێیە کە بە "گشتگیر" وەسف کراوە، دوای زنجیرەیەک دانوستانی چڕ دێت کە بە نێوەندگیری چەند لایەنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو. 

ئامانجی سەرەکی رێککەوتنەکە یەکخستنەوەی دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتدا. ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ سەقامگیری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان ناویان بردووە.