ئارسێناڵ دوای 33 ساڵ دەیەوێت بە خەونەكەی بگات
ئارسێناڵ دوای بردنەوەکەی لە یاری چوونی قۆناغی پێشکۆتایی جامی کاراباو، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە كاتژمێر 11:00ـی ئەمشەو رووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە، هەردوو یانە جاری سێیەمە لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی کاراباو رووبەرووی یەکتری دەبنەوە، هەریەكەیان خاوەنی بردنەوەیەكە.
ئارسێناڵ ئەم وەرزە لە سەرجەم سەنگەرەکان کێبڕکێی بەهێز دەکات بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکان، ئەو یانەیە لە پرێمەرلیگ پێشەنگی گرتووە و لە چامپیۆنزلیگیش تاوەکو ئێستا بەهێزترین بژاردەیە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە.
گەنەرز ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو لە یاری چوونی قۆناغی پێشکۆتایی جامی کاراباو، لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە دێربی لەندەن بووە میوانی یانەی چێڵسی، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بباتەوە، بۆیە چانسێکی گەورەیان هەیە بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی.
لێدوانەكانی میكێل ئارتێتا لەبارەی یارییەكەی ئەمشەو
''خۆشبەختانە ئەمڕۆ ساکا بارودۆخی لە رۆژانی رابردوو باشتر بوو، دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین تاوەکو پێش یارییەکە چی روودەدات، پێموانیە دۆخەکەی زۆر مەترسیدار بێت، پێش یارییەکە چارەونوسی یەکلایی دەبێتەوە. زۆر گرنگە لەم یارییە سوود لە یاریگا و هاندەرەکانمان ببنین، دەرفەتێکی باشمان بۆ رەخساوە سەرکەوین بۆ یاری کۆتایی، پاشان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لە ناسناوەکانی ئەم وەرزە بدەین''.
ئامارەكانی نێوانیان
ئارسێناڵ و چێڵسی سێیەمجارە لە مێژووی جامی کاراباو، لە قۆناغی پێشکۆتایی جامەکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، لە دوو رووبەڕووبونەوەی رابردوو هەر یەکەیان خاوەن بردنەوەیەکن و لەسەر دەستی یەکتری گەیشتونەتە یاری کۆتایی.
چێڵسی خاوەنی پێنج ناسناوی جامی کاراباوە، بەڵام لەوەتەی ساڵی 2014 نەیتوانیوە ئەو ناسناوە بباتەوە، لەبەرامبەردا یانەی ئارسێناڵ ئەویش تەنها دووجار ناسناوەکەی بەدەستهێناوە و دوایینجاریش نزیکەی 33 ساڵ لەمەوبەر واتە ساڵی 1993 بوو.