شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان لە جنێف کۆبوونەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، لە بارەگای نوێنەرایەتیی هەمیشەیی عێراق لە شاری جنیف، کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادەبوونی شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرپەرشتیی دکتۆر سەیوان بارزانی، نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی دابەشکردنی ئەرکەکان و ئامادەکاری بوو بۆ گفتوگۆکانی خولی 92ـی لیژنەی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ئافرەتان (سیداو) کە بڕیارە سبەی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت.
لە میانی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەو راسپاردانەی کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییەوە لە بوارەکانی پاراستنی ئافرەتان لە توندوتیژی و بەدیهێنانی یەکسانی جێبەجێ کراون.
هەروەها باس لە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان کرا لە جێبەجێکردنی راسپاردەکانی مافی مرۆڤ بە گشتی و ئەو یاسا و رێنماییانەی کە لە ساڵانی رابردوودا لە بوارەکانی یاسادانان و دادوەریدا پەرەیان پێدراوە، کە وەک تەواوکەری رۆڵی عێراق لە جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان سەیری دەکرێن.
شاندی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو تایبەتمەندییە یاساییانە کرد کە لە کوردستان بۆ نەهێشتنی جیاکاری دژی ئافرەتان پەیڕەو دەکرێن.
جەختیش لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و لیژنەی نیشتمانیی بەغدا کرایەوە بۆ ئەوەی راپۆرتەکان بە وردی گوزارشت لەو پێشکەوتنانە بکەن کە لە بواری مافەکانی ئافرەتان و دەستەبەرکردنی بەشداریی کارایان لە هەموو سێکتەرەکاندا بەدەست هاتوون.
ڕێککەوتننامەی سیداو، گرنگترین پەیماننامەی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان کە لە ساڵی 1979ـەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا پابەندن بە چاکسازیی بەردەوام لە یاساکان و بنبڕکردنی جیاکاریی جێندەری. هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا خاوەنی چەندین یاسای پێشکەوتووە، لەوانە یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2011 بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، و بەشداریی هەرێم لەم شاندە نێودەوڵەتییانەدا نیشانەی بایەخدانی حکوومەتە بە بەرزکردنەوەی پێگەی ئافرەتان لە ئاستی جیهانیدا.