فەرهاد ئەترووشی: بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پابەندی بڕیاری سەرۆک بارزانین

فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەبوونی هەر جۆرە ناکۆکییەکی ناوخۆیی لەنێو سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە پابەندی بڕیاری کۆتایی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەبن.

سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند: بە داخەوە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە کە دوورە لە راستی و واقیعەوە و، تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە جیاوازیی بیروڕا لەنێوان سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە سەبارەت بە بابەتی پۆستی سەرۆککۆمار".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو بانگەشە و لێکدانەوانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە و داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد کە "وردبینی بکەن و پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، لە دروستیی سەرچاوەکانیان دڵنیا ببنەوە".

هاوکات ئەترووشی دووپاتی کردەوە: "بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئێمە پابەندی هەر بڕیارێک دەبین و جێبەجێی دەکەین کە لە لایەن سەرکردایەتیی کوردستان و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار دەربچێت".