سۆران.. دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مافی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران، سبەی چوارشەممە 4ـی شوباتی 2026، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پلانی حکوومەت بۆ خزمەتکردنی فەرمانبەران و کەمکردنەوەی بارگرانیی کرێنشینی لە ئەستۆی ئەوان دەبینرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ڕایگەیاند: قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی رواندز دەستپێدەکات، تێیدا زیاتر لە 500 پارچە زەوی لە رێگەی تیروپشکەوە بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێت کە مەرجە یاساییەکان دەیانگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران رایدەگەیەنێت: ئەم پڕۆسەیە بە شەفافیەتێکی تەواو و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوە دەچێت تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە گەیشتنی زەوییەکان بەو کەسانەی شایستەی وەرگرتنن.
هاوکات ئاماژە بەوە دراوە، دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامی دەبێت و قۆناغەکانی دواتر شارەوانییەکانی تریش دەگرێتەوە.
ئێستا ئامادەکاریی پێویست بۆ دیاریکردنی زەوی و تەواوکردنی نەخشەکان لە ناوچەکانی دیکە دەکرێت، تاوەکو بە زووترین کات سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە بەپێی خاڵبەندی و مەرجەکان شایستەن، پارچە زەوییەکانیان پێ بدرێت.
بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، یەکێکە لە دەسپێشخەرییە گرنگەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و باشترکردنی گوزەرانی مووچەخۆران دەرکراوە.
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ڕابردووەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە قۆناغی جیاواز جێبەجێ کراوە، کە تێیدا هەزاران فەرمانبەر بوونەتە خاوەنی زەوی، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕی خانووبەرە و سەقامگیریی دارایی خێزانەکان دروست کردووە.