نوورەددین بابا: بەبێ جیاکاری سووریایەکی نوێ بنیات دەنێینەوە
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ناو جەرگەی شاری قامشلۆوە ڕایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنەوەی باڵەخانە ئەمنییەکان لە هێزەکانی ئاسایش دەستی پێ کردووە و ستایشی هەماهەنگیی هێزە کوردییەکان دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە بەبێ جیاکاری سووریایەکی نوێ بنیات دەنێنەوە.
سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، نوورەددین بابا, گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، هێزەکانیان چوونەتە نێو شاری قامشلۆ و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە پێشوازییەکی گەرم و ڕێکخراویان لێ کراوە، لە ئێستاشدا سەرقاڵی وەرگرتنەوەی باڵەخانەی دەزگا ئەمنییەکانن لە شارەکەدا.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا، هێزەکانمان لە شارەکە بڵاوەیان پێ دەکرێت و بۆ بەرقەرارکردنی ئەمنییەت یارمەتیی ئاسایش دەدەن.
سەبارەت بە دۆخی شارەکە و پەیوەندییەکان، نوورەددین بابا ئاماژەی بەوە دا کە کەشێکی ئەرێنی دەبینن و ئەمڕۆ گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.
گوتیشی: ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە، دوور لە تۆڵەسەندنەوە و گوتاری توندوتیژی و جیاکاری، سووریایەکی نوێ بنیات دەنێین. سووریا بە هەوڵی هەموو ڕۆڵەکانی، چ عەرەب، کورد، تورکمان یان سریانی بنیات دەنرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا پەیامێکی دڵنیایی دایە خەڵکی پارێزگای حەسەکە و ڕایگەیاند: حەسەکە چیتر پێویستی بە خوێنڕشتن و گوللە و مووشەکی زیاتر نییە، بەڵکوو وەک هەموو سووریا پێویستی بە بووژانەوەیەکی زۆرە، دوای ئەم ڕێککەوتنە و گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، حەسەکە بە ئابووری و شارستانییەت وەک دڵێکی نوێ و زیندووی سووریا دەگەڕێتەوە.