عەلی شەمخانی: ئامادەین تەنیا لەگەڵ ئەمەریکا دانوستان بکەین و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20% کەم بکەینەوە
راوێژکاری سیاسیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئامادەن لەپێناو رەواندنەوەی نیگەرانییەکان پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکەنەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک یۆرانیۆم رەوانەی دەرەوە ناکەن.
سێشەممە 3ی شوباتی 2026، عەلی شەمخانی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: باسی ئێمە تەنیا لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت و گفتوگۆکانیش تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دەبن.
شەمخانی مەرجی سەرەکیی بۆ دانوستان دیاری کرد و گوتی: دەتوانین دانوستان بکەین بەو مەرجەی دۆخی هەڕەشە و گوتاری هەڕەشە و ئامرازی هەڕەشە لە ئارادا نەبێت و ئامانج لێی گەیشتن بێت بە لێکتێگەیشتن.
سەبارەت بە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، شەمخانی ئامادەیی تارانی پیشان دا بۆ سازشکردن لە ئاستی پیتاندندا و گوتی: دەتوانین ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60%ەوە بۆ 20% کەم بکەینەوە بۆ ئەوەی نیگەرانییەکان بڕەوێنینەوە، بەڵام ئەمە تێچووی هەیە و دەبێت قەرەبوو بکرێینەوە.
لەگەڵ ئەوەش دا، راوێژکارەکەی خامنەیی رەتی کردەوە یۆرانیۆم رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن و گوتی: کاتێک دەتوانین هۆکاری نیگەرانییەکان لە ناوخۆ بڕەوێنینەوە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەمخانی باسی لە پەیوەندیی هێرشەکان و ئیسرائیل کرد و هۆشداری دا: ئەمەریکا و ئیسرائیل لای ئێمە جیاواز نین؛ گریمانەیەکی هەڵەیە بڵێین ئەگەر ئەمەریکا لێمان بدات ئیسرائیل بەشدار نییە. هەر هێرشێکی ئەمەریکا بە دەستی ئیسرائیلی تێدایە و دەبێت وەڵامی ئەو بەشدارییەش وەربگرنەوە.
شەمخانی زانیارییەکی لەبارەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی ئێران ئاشکرا کرد و گوتی: ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی هەمانبوو، لەژێر داروپەردووی بنکە ئەتۆمییە داڕووخاوەکان ماوەتەوە و بەهۆی مەترسییەوە هەوڵمان نەداوە دەریان بهێنین، بۆیە بڕەکەشی نازانین.