ئەمریکا درۆنێکی ئێرانی لە دەریای عەرەب خستە خوارەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند: فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی وڵاتەکەیان درۆنێکی ئێرانیی لە دەریای عەرەب خستووەتە خوارەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو درۆنە ئێرانییە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن نزیک ببووەوە، ئەمەش وای کردووە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەستبەجێ کاردانەوەیان هەبێت و هەڕەشەکە لەناو ببەن.
نەقیب تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-35C کە لەسەر کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن جێگیر کراوە، ئەرکی خستنەخوارەوەی درۆنەکەی جێبەجێ کردووە.
هۆکینز جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن و بۆ پاراستنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە و تەواوی ئەو کارمەندانە بووە کە لە ناویدا ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن، چونکە نزیکبوونەوەی درۆنەکە وەک مەترسییەکی راستەوخۆ هەژمار کراوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەی دەریای عەرەب و ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەوروبەری ئێران بە قۆناغێکی پڕ لە گرژیی ئەمنیدا تێدەپەڕن، بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری شەبەنگ بۆ خستنەخوارەوەی درۆن، نیشانەی توندبوونەوەی ململانێی تەکنەلۆژی و سەربازیی نێوان واشنتن و تارانە، ئەم جۆرە پێکدادانانە مەترسیی فراوانبوونی شەڕی دەریایی زیاد دەکەن، لە کاتێکدا هەردوو وڵات لە چەندین تەوەری سیاسی و ئەمنیدا لە رکابەرییەکی تونددان.