سلێمان ئۆسۆ: سەرۆککۆماری سووریا ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد

سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 وردەکاریی کۆبوونەوەی شاندی ئەنجوومەنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریا ئاشکرا کرد.

ئۆسۆ ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆکی سووریا ئەرێنی بووە و تێیدا ئەحمەد شەرع بە بایەخێکی زۆرەوە باسی لە رۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی سەرۆک مەسعوود بارزانی کردووە لە گەیاندنی لایەنەکان بە رێککەوتنی ئاشتی و راگرتنی خوێنڕێژی لە ناوچەکەدا.

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە کرد، لە میانی دیدارەکەدا، ئەحمەد شەرع جەختی لەوە کردووەتەوە کە دیدگای سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری ئاشتییانە، فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی. شاندی ئەنەکەسە لەم کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەسەر پێویستیی جێگیرکردنی تەواوی مافە نەتەوەیی، سیاسی و مەدەنییەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا کردووەتەوە، تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە چیتر نادادپەروەری بەرانبەر بەو پێکهاتە ڕەسەنە دووبارە نابێتەوە.

لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، باس لە مەرسوومی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتی کرا، کە تێیدا مافی ڕەگەزنامە بۆ کوردەکان گەڕێنراوەتەوە و زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە تەنیشت زمانی عەرەبی ناسێنراوە. 

سلێمان ئۆسۆ ڕایگەیاند: ئەوان وەک ئەنەکەسە داوایان کردووە ئەم هەنگاوانە بکرێنە بنەمایەک بۆ سیستەمێکی حوکمڕانیی نوێ کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بەشدار بن. 

هەروەها جەخت لەسەر وەستانەوە دژی گوتاری ڕق و کینە لە نێوان کورد و عەرەبدا کرایەوە، بە ئامانجی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێکەوەژیانی ئاشتییانە.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سەربازی، ئۆسۆ تیشکی خستە سەر رێککەوتنەکانی ئەم دواییە کە تێیدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارێتیی ناو شارەکان دەگرنە ئەستۆ و هێزەکانی هەسەدەش وەک فیرقە و لیوای ڕێکخراو تێکەڵی وەزارەتی بەرگری دەبن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم لێکتێگەیشتنانە زەمینە خۆش دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، کە ئەمەش بەشێکی سەرەکی بووە لەو نەخشەڕێگەیەی کە سەرۆک بارزانی پشتیوانیی لێ کردووە.

 بێت.