ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ رێگری لە داخستنی حکوومەت پەسەند کرد
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرۆژەی خەرجکردنی بە بڕی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار پەسەند کرد.
پرۆژەیاساکە بە جیاوازییەکی کەم و بە دەنگی 217 ئەندام بەرامبەر 214 دەنگ پەسەندکرا. بەمەش کۆنگرێس کارەکانی لەسەر 11 پرۆژەیاسا لە کۆی 12 پرۆژەیاسای تەرخانکردنی ساڵانە تەواو کرد، کە بودجەی زۆرینەی رەهای کارەکانی حکوومەت تا کۆتایی ساڵ دارایی دابین دەکات.
تاکە پرۆژەیاسا کە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و بووەتە جێی مشتومڕی نێوان لایەنەکان، پەیوەستە بە بودجەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ. دیموکراتەکان داوا دەکەن سنووربەندیی زیاتر بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی جێبەجێکردنی یاسا لەلایەن ئەو وەزارەتەوە دابنرێت.
لای خۆیەوە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕیوە و رایگەیاندووە؛ هەرکاتێک پرۆژەیاساکە بگاتە سەر مێزەکەی، راستەوخۆ واژۆی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی رێگریکردن لە داخستنی دامەزراوەکانی حکوومەت نراوە و پڕۆژەیاساکە بۆ واژۆکردنی کۆتایی ئاڕاستەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کرا.
پێشتر، حکومەتی ئەمریکا لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 داخرا، ئەمەش دوای شکستیهێنانی دانوستانەکانی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر بودجەی نوێ، کە بووە هۆی بێکاربوونی سەدان هەزار کارمەندی فیدراڵی و کارکردنی سەدان هەزاری دیکە بەبێ مووچە.
لای خۆیەوە 31ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی درێژترین داخستنی حکوومەت لە مێژووی وڵاتەکەیدا راگەیاند، کە 43 رۆژی خایاندبوو. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ گەڕاندنەوەی بودجە بۆ حکوومەت.
ترەمپ رایگەیاند؛ بە واژۆکردنی ئەم یاسایە، حکوومەتی فیدراڵی دەست بە کارە ئاساییەکانی دەکاتەوە و مووچەی کارمەندانی کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەکان دابەش دەکرێت. ترەمپ دیموکراتەکانی بە هۆکاری سەرەکی داخستنی حکوومەت و کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکە زانی و داوای لە گەلی ئەمریکا کرد کە ئەم کردارەی دیموکراتەکان لەبیر نەکەن لە کاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.