میدیای فەرمی ئێران: درۆنەکە داتاکانی بە سەرکەوتوویی بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە
میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە نزیک کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن خرایە خوارەوە، توانیویەتی پێش پچڕانی پەیوەندییەکەی تەواوی داتاکان بە سەرکەوتوویی بۆ سوپای پاسداران بگوازێتەوە.
تاران جەخت دەکاتەوە، درۆنەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و پڕۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر جووڵەی کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی فۆکس نیووز، بەرگریی لە بڕیارەکەی سێنتکۆم کرد بۆ تێکشکاندنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە.
لیڤت ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی پێویست و گونجاویان داوە، چونکە پاراستنی گیانی کارمەندانی سەربازی و کەرەستە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە سەرووی هەموو ئەولەویەتەکانە و رێگە نادرێت هیچ هەڕەشەیەک لەو کەشتییە جەنگییانە نزیک ببێتەوە.
ئەم پێکدادانە لە دەریای عەرەب نیشانەی توندبوونەوەی ململانێی چاودێری و هەواڵگریی نێوان تاران و واشنتنە لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە کاتێکدا ئێران دەیەوێت توانای تەکنەلۆژیی خۆی لە چاودێریکردنی وردی هێزەکانی ئەمریکا نیشان بدات، کۆشکی سپی پەیامێکی راشکاو دەدات کە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی گوماناوی وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەبینرێت و بە توندی وەڵام دەدرێتەوە، ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئەمنیی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێکدادانی لەم شێوەیە مەترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان زیاد دەکات.