سەرەڕای دانوستانەکان رووسیا هێرشی کردە سەر دامەزراوەی وزەی ئۆکرانیا

ئۆکرانیا رایگەیاند، شەوی رابردوو، رووسیا گەورەترین هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەی وزەی وڵاتەکەی. ئەمەش لەسەروبەندی دانوستانەکاندایە کە ئەمەریکا دەیەوێت جەنگی نێوان ئەم دوو وڵاتە بوەستێنێت.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە سۆشیال میدیادا ئیدانەی هێرشەکەی رووسیای کرد و رایگەیاندووە، "ترساندنی خەڵک لە ساردترین رۆژەکانی زستان بۆ رووسیا گرنگترە نەک پەنابردنە بەر رێگەی دیپلۆماسی."

ئاماژەی بەوەشکردووە، رووسیا  "جارێکی دیکە هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ دانوستان پشتگوێ خستووە."

هەر بە گوێرەی میدیاکانی ئۆکرانیا، لە هێرشەکاندا دوو مێرد منداڵ لە شاری زاپۆریژژیا لە باشووری ئەو وڵاتە کوژران و زیانیشیان بە شوێنەوارێکی ناوچەکە گەیشت.

ئەم هەڵکشانە لە سەروبەندی خولی دووەمی دانوستانەکان دێت کە ئەبوزەبی میوانداری دەکات و دانوستانکارانی ئۆکرانیا و رووسیا تێیدا بەشدارن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، داوای لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کرد، کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت و رایگەیاند، دەمەوێت کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەی داگیر کرد، هەروەها دەسیان هەزار کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون و بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.