بەریتانیا هۆشداری لە مەترسی ژێردەریاییەکانی رووسیا دەدات
جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا دەڵێت: هەڕەشەی ژێردەریاییە رووسییەکان لە باکووری زەریای ئەتڵەسی هێشتا بە بەهێزی ماوەتەوە و پێویست دەکات وڵاتانی ئەندامی ناتۆ سەرچاوە و توانایەکی زۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەیان تەرخان بکەن.
چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، جەنەراڵ گوین جێنکینس، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا، لە کاتی ئامادەبوونی هاوتا فەرەنسی، ئەمریکی، ئیتاڵی و هۆڵەندییەکانی، گوتی "ئەو بابەتەی زۆرترین سەرنجی من لە زەریای ئەتڵەسیدا رادەکێشێت، تواناکانی رووسیایە لە کەشتیگەلی باکووردا، بەتایبەتی لە توانا ژێردەریاییەکانیدا کە هیچ پاشەکشەی نەکردووە".
هەروەها ئەم ئەفسەرە باڵایانە لە کاتی کۆبوونەوەیان لە چوارچێوەی "کۆنفرانسی دەریایی پاریس" کە لەلایەن پەیمانگەی فەرەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رێکخرابوو، جەختیان لەسەر مەترسیی ئەو هەڕەشانە کردەوە کە ژێردەریاییە رووسییەکان دروستی دەکەن و ئاماژەیان بە پێویستیی هەماهەنگییەکی چڕوپڕ کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.
جێنکینس ئاماژەی بەوەش کرد،"سەرەڕای تێچووی زۆری جەنگ لە ئۆکرانیا، رووسیا بەردەوام بووە لە تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ ژێردەریایییەکانی لە کەشتیگەلی باکوور، ئەوان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نوێترین نەوەی ژێردەریایییەکانیان، بەجۆرێک کە تواناکانیان لە بواری ژێردەریاییدا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستێکی بەرز لە ناو دەریاکان".
ئەدمیراڵ دارێل کۆدڵ، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە دەریایییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا، گوتویەتی،"رووسەکان وەبەرهێنانیان لە ژێردەریایییەکاندا کەم نەکردووەتەوە، پێم وایە ئەوان وەک پارچە دەریاییە سەرەکییەکانی خۆیان سەیری ژێردەریایی وڵاتانی دیکەش دەکەن".
نیکۆلا فۆژۆر، سەرۆک ئەرکانی هێزی دەریایی فەرەنسا، ئاشکرای کردووە،"هاوپەیمانان بە هەماهەنگییەکی نزیک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە کار دەکەن".
باکووری ئەتڵەسی ئەو ناوچەیەیە کە ژێردەریایییە رووسییەکان دەتوانن تێیدا بجوڵێنەوە دوای ئەوەی بنکەکانی خۆیان لە کەشتیگەلی باکوور یان دەریای باڵتیک جێدەهێڵن، ئەوەش دوای تێپەڕین لەو رێڕەوە ستراتیژییەی کە دەکەوێتە نێوان کەناراوەکانی گرینلاند و بەریتانیا، کە هاوپەیمانان بە شێوەیەکی تایبەت چاودێری دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی ئەمریکا لەم دواییانەدا فشارێکی زۆری خستە سەر دانیمارک و ئەوروپا، جەختی کردەوە کە دەیەوێت دوورگەی گرینلاند بکڕێت یان دەستی بەسەردا بگرێت بۆ زامنکردنی پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەروەها واشنتن، کۆپنهاگن و ئەوروپییەکانی تۆمەتبار کرد بە کەمتەرخەمی لە ئاست هەڕەشەکانی رووسیا و چین لە جەمسەری باکوور و بەتایبەتی لە باکووری زەریای ئەتڵەسی.