سەفین دزەیی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا دەکات

(وێنە؛ ئەرشیف) کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان
(وێنە؛ ئەرشیف) کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان

هەولێر، 4ـی شوباتی 2026، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی گەورەی بازرگانی و ئابووریی وڵاتی ئەڵمانیا کرد و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.

سەفین دزەیی سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیای لە هەولێر کرد بۆ رێکخستنی ئەم دەرفەتە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

دزەیی رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە ئابوورییەکەی فرەچەشن بکات و دەرگای بۆ هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایانە واڵایە کە دەیانەوێت لە بوارەکانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیای سەردەمدا کار بکەن." ئاماژەی بەوەش کرد؛ حکوومەت هەموو جۆرە ئاسانکارییەکی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دابین کردووە.

بڕیارە شاندە بازرگانییەکەی ئەڵمانیا زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت و نوێنەرانی کەرتی تایبەت ئەنجام بدەن. دزەیی هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هەوێنێکی سوودبەخش بۆ هەردوولا و پەرە بە ژێرخانی ئابووریی هەرێم بدات.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری ئەڵمانیا کرد و گوتی: "ئەڵمانیا هەمیشە پاڵپشتێکی بەردەوامی هەرێمی کوردستان بووە، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش و رۆژە ناخۆشەکاندا." هەروەها باسی لەوەش کرد؛ رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا وەک پردێکی گرنگی پەیوەندیی دەبینرێن کە توانیویانە لە رووی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پەرە بە خۆیان بدەن و ببنە مایەی سوود بۆ هەردوولا.