هیومان رایتس وۆچ: مافەکانی مرۆڤ لە لێواری داڕماندایە و ترەمپ ئەمریکا بەرەو حوکمی تاکڕەوی دەبات
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی 2026، هۆشداریی لە تێکچوونی بێپێشینەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان دەدات و رایدەگەیەنێت، سیستەمی نێودەوڵەتی لە لێواری داڕماندایە.
لە راپۆرتەکەدا کە لە 529 لاپەڕە پێکهاتووە و چاودێری دۆخی زیاتر لە 100وڵاتی کردووە، هاتووە ئێستا سەدا 72ـی دانیشتووانی جیهان لەژێر سایەی دەسەڵاتە تاکڕەوەکاندا دەژین. رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئاستی دیموکراسی لە جیهاندا پاشەکشەی کردووە بۆ ئەو ئاستەی کە لە ساڵانی 1982و 1985دا هەبووە.
بەشێکی سەرەکی راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هیومان رایتس وۆچ دەڵێت؛ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی بووەتە هۆی خێراکردنی خولگەی دابەزینی مافەکان و هۆشداریی دەدات؛ ترەمپ وڵاتەکەی بەرەو دەوڵەتێکی تاکڕەو دەبات.
لە راپۆرتەکەدا چەند پێشێلکارییەک لە ناوخۆی ئەمریکا ڕیزکراون، لەوانە: بەکارهێنانی توندوتیژانەی هێزەکانی کۆچبەری (ICE) بۆ هەڵکوتانە سەر خەڵک و تۆڵەسەندنەوە لە نەیارانی سیاسی و تێکدانی هاوسەنگیی دیموکراسی. هەروەها ناردنی 252 کۆچبەری ڤەنزوێلی بۆ زیندانەکانی سەلڤادۆر، کە بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ ناوزەد کراوە.
فیلیپ بۆلۆپیۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە رایگەیاند: "مێژوو بە ئاراستەیەکی هەڵەدا خێراتر دەبێت و دەستکەوتە دیموکراسییەکان لەژێر هەڕەشەی جددیدان."
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راپۆرتەکە بە توندی ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوی نەتەوەیی" لە کەرتی غەززە لە رێگەی کوشتن و برسیکردن و وێرانکردنی قوتابخانەکان، هەرچەندە ئیسرائیل ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە. هەروەها تیشک خراوەتە سەر زیادبوونی فشارەکان لە وڵاتانی وەک چین، رووسیا، هیندستان و ئێران.
رێکخراوەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا جەخت دەکاتەوە؛ جیهان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ پاراستنی ئازادییە سەرەتاییەکان لە بەرامبەر ئەو شەپۆلە قۆرخکارییەی رووی لە جیهان کردووە.