ئەلمۆنیتەر: فەرەنسا رۆڵی یەکلاکەرەوەی لە جێگیرکردنی زمانی کوردی لە سووریا هەبووە
پێگەی (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی تایبەتدا کە لەم دواییانەدا بڵاوی کردووەتەوە، وردەکاریی رۆڵی فەرەنسا لە رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا دەکات.
راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر دانوستانەکان، باس لەوە دەکات، پاریس رۆڵێکی کاریگەر و سەرەکیی هەبووە لەوەی، مافە مەدەنی و کلتوورییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پێگە ئەمریکییە کە پشتی بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بەستووە، حکوومەتی فەرەنسا گوشارێکی زۆری کردووە بۆ ئەوەی، مسۆگەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی کوردی وەک بەندێکی سەرەکی لەو رێککەوتنەدا بچەسپێت کە لە 2ی ئەم مانگەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، فەرەنسا، کە پەیوەندییەکی دێرین و دۆستانەی لەگەڵ کورد هەیە، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی کە لە دەستووری نوێی سووریادا سەرجەم مافەکانی کورد جێگیر بکرێن و ببنە بەندی دەستووریی نەگۆڕ. لەو چوارچێوەیەشدا، پاریس جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە نوێنەرانی کورد بەشدارییەکی کارایان هەبێت لەو لیژنەیەی ئەرکی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریای لە ئەستۆ دەبێت.
شاندێکی باڵای فەرەنسا سەردانی قامشلۆی کرد
لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە چڕانەی فەرەنسا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پاراستنی مافی کورد لە سووریا دەیدات، رۆژی سێشەممە 3ی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای هاوبەشی حکوومەت و پەرلەمانی فەرەنسا سەردانی شاری قامشلۆی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەو شاندە فەرەنسییە، جەختیان لەوە کردووەتەوە، ئامانجیان گەیاندنی داواکارییەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانە بۆ ناوەندە بڕیار بەدەستە جیهانییەکان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکاندا کە تێیدا دۆخی ئەمنی و سیاسی تاوتوێ کرا، شاندەکە بەڵێنی دا کە کار بۆ پاراستنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە دەکات و هاوکارییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پتەوتر دەکەن."
پوختەی رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا
رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:
- هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.
- دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.
- کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.
- دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.
- گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.
مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.