ئەنەکەسە: لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختمان لە جێگیرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا کردەوە
سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی کردووەتەوە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنەکەسە، سێشەممە 3ی شوباتی 2026، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆ بووەوە. ئەم دیدارە دوای کۆبوونەوەیەکی دیکەی شاندەکە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا هات کە لە 2ی شوباتدا بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش بریتی بوو لە پرسە نیشتمانییەکان، کێشەی کورد، گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان و رێگەکانی بنیاتنانی سووریایەکی نوێ.
ئەنەکەسە، لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە دیدارەکەدا هەڵوێستە نیشتمانییەکانی خۆیان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی دووپات کردووەتەوە. ئەنجوومەنەکە داوای کردووە سووریای داهاتوو، دەوڵەتێکی دیموکراسی بێت بۆ هەموو سوورییەکان، بە جۆرێک کە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا مسۆگەر بکرێت."
سەبارەت بە مەرسومی ژمارە 13، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ پێشوازیی لێ کردووە، بەڵام داوای کردووە ئەم هەنگاوە تەواو بکرێت و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێن. ئەنەکەسە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ناسنامەی فرەنەتەوەیی و فرەئایینیی وڵات بناسێندرێت، بە شێوەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا بەدی بهێنێت.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەحمەد شەرع جەختی لە پێویستیی چارەسەرکردنی ئەو ستەمانە کردووەتەوە کە لە رابردوودا بەرانبەر بە کورد کراون. ناوبراو ئاماژەی بە گرنگیی بەشداریی کورد لە هەموو ئاستەکاندا بۆ پرۆسەی بنیاتنانەوەی وڵات کردووە و داوای کردووە زمانی دیالۆگ و پەیوەندیی بەردەوام جێگەی گوتاری رق و کینە بگرێتەوە، تاوەکو متمانەی دوولایەنە دروست بێت و دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان بنیات بنرێت.