دادگای باڵای ئیسرائیل لێپرسینەوە لەگەڵ ناتانیاهۆ دەکات

دادگەی باڵای ئیسرائیل داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات هۆی مانەوەی ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی لە پۆستەکەیدا روون بکاتەوە. 

چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، دادگەی باڵای ئیسرائیل، فەرمانێکی دەرکردووە تێیدا داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هۆکانی هێشتنەوەی ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە پۆستەکەیدا ڕوون بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەو تۆمەتانە دێت کە ئاراستەی ناوبراو کراون سەبارەت بە دەستوەردانی نایاسایی لە کاروباری پۆلیسدا. 

ئەم هەنگاوە دادوەرییە لە کاتێکدایە، کە داواکارییەکان بۆ دوورخستنەوەی بن غەفیر زیاد بوون، هاوکات پشت بەو تۆمەتانە دەبەستن کە دەڵێن ناوبراو زنجیرەیەک لێکگەیشتنی یاسایی پێشێل کردووە، ئەو لێکگەیشتنانەی ئامانجیان دیاریکردنی سنوور بووە لە نێوان ئاستی سیاسی و کاری دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا.

دادگە، داوای لە ناتانیاهۆ کردووە وەڵامێکی فەرمی پێشکەش بکات و تێیدا پاساوی دوورنەخستنەوەی ئەم وەزیرە روون بکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا وەک بەرپرسی یەکەمی دامەزراندنی وەزیرەکان، هیچ وەڵامێکی راستەوخۆ لە سەرۆکوەزیرانەوە بەدەستی دادگە نەگەیشتووە.

کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە بن غەفیر لەگەڵ داواکاری گشتی واژۆی کردبوون، کە دەستوەردانی وەزیر لە کارە مەیدانییەکانی پۆلیسدا سنووردار دەکەن، لەوانەش سیاسەتەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و پلەبەرزکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان.

بەهۆی هەستیاریی دۆسییەکەوە، دادگا بڕیاریدا دەستەی ئەو دادوەرانەی لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی دوورخستنەوەی وەزیرەکە دەکەن بۆ 9 دادوەر زیاد بکات، بڕیاریشە دانیشتنەکە لە 24ـی ئاداری داهاتوودا بەڕێوە بچێت.

ئەو سنووردارکردنە یاساییانەی خراونەتە سەر پۆستی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی، ئامانجیان دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی پۆلیسە، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر کاریگەریی لێکدانەوە سیاسییە حزبییەکان.

بەپێی بڕیاری دادگا، تاوەکو 24ـی شوبات مۆڵەت بە دەوڵەت دراوە بۆ پێشکەشکردنی وەڵامی سەرەتایی، هەروەها دەبێت ناتانیاهۆ و بن غەفیر تاوەکو 10ـی ئازار گوتە فەرمییەکانی خۆیان پێشکەش بە دادگا بکەن.