لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 9 کەس کوژران

گوتەبێژی بەرگریی شارستنای غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی فەڵەستینی کوژران، کە لە نێوانیاندا چوار منداڵ هەن.

چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی بەرەبەیان ئەمڕۆدا، لانیکەم 9 کەس کوژراون کە چواریان منداڵن و یەکێکیان ساوایە، هەروەها 31 هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون، ئەم هێرشانە دوای ئەوە هاتن کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، یەکێک لە ئەفسەرەکانیان لە باکووری کەرتەکە بە سەختی بریندار کراوە.

زیانە گیانییەکان و شوێنی هێرشەکان

بەپێی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانی غەززە، سێ لە کوژراوەکان لە خان یونسن و ئەندامی یەک خێزانن، دوای ئەوەی هێرشکرایە سەر خێوەتگەی ئاوارەکان و چەند ماڵێک لە گەڕەکی ئەبو رەشوان، هاوکات شەش کەسی دیکە لە گەڕەکەکانی ئەلتوفاح و ئەلزەیتوون لە شاری غەززە کوژراون و رەوانەی نەخۆشخانەی شیفا کراون.

دکتۆر محەممەد ئەبو سەلمییە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا، پشتڕاستی کردەوە کە برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

پاساوی سوپای ئیسرائیل

لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشی وردی ئاسمانی و زەمینییان ئەنجامداوە، سوپا ئاماژەی بەوە کردووە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ تەقەکردن لە هێزەکانیان لە باکووری غەززە، کە بەهۆیەوە ئەفسەرێکیان بە سەختی بریندار بووە.

پەرەسەندنی ئەم توندوتیژییانە لە کاتێکدایە کە رێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیری (میسر، قەتەر و ئەمریکا) مانگی رابردوو چووە نێو قۆناغی دووەمەوە، بەڵام هەردوولا یەکتری بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن، هاوکات ئەم پێکدادانانە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل دەروازەی سنووری رەفەحی نێوان غەززە و میسری بە شێوەیەکی سنووردار کردەوە.