بلومبێرگ: ئەمریکا پاکێجێکی نوێی سزای ئابووری دژی رووسیا ئامادە کردووە

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "بلومبێرگ" ئەمریکا پاکێجێکی نوێی سزای ئابووری دژی رووسیا ئامادە کردووە، بەڵام تا ئێستا وادەی جێبەجێکردنی دیاری نەکردووە و وەک کارتێکی فشار هێشتوویەتیەوە.

ئاژانسی بلومبێرگ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، بڵاوی کردەوە، هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا سزاکانی گەڵاڵە کردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە بەمزووانە بیسەپێنێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

لەوبارەیەوە سیناتۆر لیندزی گراهام رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی لە پرۆژەیاسایەکی کۆنگرێس دەکات کە ئامانجی توندکردنی سزاکانە دژی مۆسکۆ و ئەو وڵاتانەی پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵدا هەیە.

پرۆژەیاساکە کە لە نیسانی 2025ـەوە لەلایەن سیناتۆرانی هەردوو پارتەکەوە ئامادە کراوە، پێشنیازی سزای توند دەکات، لەوانە، سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی رووسیا، زیادکردنی باجی گومرگی بە رێژەی %500، لەسەر کاڵای ئەو وڵاتانەی کە نەوت، گاز و یۆرانیۆم لە رووسیا دەکڕن و کاڵا بۆ ئەمریکا دەنێرن، هەروەها قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە بۆندەکانی قەرزی رووسیا.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاشکرای کردووە کە ترەمپ نیگەرانە لەوەی زیادکردنی سزاکان ببێتە هۆی لەباربردنی دانوستانەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی رووسیا بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە ئابوورییەکەیان لەگەڵ سزاکان گونجاندووە و رۆژئاوا نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت، هاوکات لەناو خودی رۆژئاواشدا دەنگە ناڕازییەکان سەبارەت بە کاریگەریی سزاکان رووی لە زیادبوونە.