روبیۆ بۆ تاران: دانوستان بەبێ باسکردنی بەرنامەی مووشەکی، بێمانایە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند: کە هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی "واتادار و بەرهەمدار" بێت، دەبێت بە روونی پرسی مووشەکە بالیستییەکان لە خۆ بگرێت. روبیۆ ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر تاران ئامادەیی هەبێت، واشنتن ئامادەیە ڕۆژی هەینی کۆبوونەوە ئەنجام بدات.

چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمریکا ئامادەیە رۆژی هەینی لەگەڵ ئێرانییەکان کۆ ببێتەوە ئەگەر ئەوان خواستیان هەبێت، بەڵام ناوەرۆکی گفتوگۆکان نابێت تەنیا لە پرسی ئەتۆمیدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت دۆسیەی مووشەکیی بالیستیش بەشێک بێت لە دانوستانەکان.

سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا شوێنی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان یەکلایی نەبووەتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

هەروەها روبیۆ هیچ وردەکارییەکی دیکەی سەبارەت بە خشتەی کارەکان یان ئاستی نوێنەرایەتیی شاندەکان لە ئەگەری روودانی دیدارەکەدا نەخستە ڕوو.

ئامادەیی تورکیا بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە کاتێکدایە کە جووڵەیەکی دیپلۆماسیی هەستیار و ئاڵۆز لەنێوان واشنتن و تاراندا دەگوزەرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە هەرێمییەکان.

بە پێی راپۆرتە رۆژئاواییەکان، لە کاتێکدا ئیستانبوڵ وەک شوێنێکی ئەگەری بۆ دیدارەکە پێشنیار کرابوو، لایەنی ئێرانی داوای گواستنەوەی گفتوگۆکانی بۆ سەڵتەنەی عوممان کردووە.

تاران خوازیارە دانوستانەکان لە چوارچێوەیەکی "دووقۆڵیی راستەوخۆ" لەگەڵ ئەمریکا بن و تەنیا تەرکیز لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بکەن، بە مەبەستی دوورخستنەوەی دۆسیە هەستیارەکانی دیکەی وەک بەرنامەی مووشەکیی بالیستی و رۆڵی هەرێمیی ئێران لە گفتوگۆکاندا.

ئێستا ئەنقەرە بە پشت بەستن بە ئەزموونی پێشووی لە میوانداریکردنی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵ دەدات خۆی وەک "ئاسانکار"   نەک "نێوەندگیر" نیشان بدات، بەبێ ئەوەی مەرج بەسەر هیچ لایەنێکدا بسەپێنێت.

ئەم مشتومڕە دیپلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ هۆشداریی بەرپرسانی ئەمریکا بەوەی کە شکستی رێڕەوی دیپلۆماسی رەنگە ببێتە هۆی گرتنەبەری بژاردەی توندتر و پەرەسەندنی گرژییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل بە وردی و نیگەرانییەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات؛ ترسی تەلئەڤیڤ لەوەیە دانوستانەکان بگەنە "رێککەوتنێکی بەشەکی" کە نەتوانێت چارەسەری ریشەیی بۆ ئەو هەڕەشانە دابین بکات کە ئیسرائیل بە مەترسیی سەرەکییان دەزانێت.

لە نێوان ئەم هاوکێشە ئاڵۆز و تێکەڵانەدا، دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان وەک تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە سەیر دەکرێن؛ کە دەکرێت ببنە هۆی هێوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، یان بە پێچەوانەوە، قەیرانەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدارتر بەرن.

ئەمڕۆ میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند: رۆژی هه‌ینی دانوستانه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا ده‌ستپێده‌كات و عراقچی و ویتكۆف سه‌رپه‌رشتی دانوستانه‌كان ده‌كه‌ن.

هەروەها ئاماژە بەوە داوە، عراقچی و ویتكۆف رۆژی هه‌ینی له‌ عوممان كۆده‌بنه‌وه‌ و دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ هاوشێوه‌ی گه‌ڕی پێشووتر ده‌بێت.