سێنتکۆم: لە سووریا پێنج هێرشی ئاسمانیمان کردە سەر داعش
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی فراوانەوە، گورزی کوشندەیان لە ژێرخانی سەربازی و لۆجیستیکیی داعش لە سووریا وەشاندووە. ئەم هێرشانە کە بە بەکارهێنانی دەیان مووشەکی وردپێک ئەنجام دراون، وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی "هۆک ئای سترایک" دێن، کە ئامانج لێی وەڵامدانەوەی کوژرانی سەربازانی ئەمریکایە و رێگریکردنە لە خۆڕێکخستنەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کە لە نێوان 27ی کانوونی دووەم بۆ 2ـی شوبات، هێزەکانیان پێنج هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەندین ئامانجی دیاریکراوی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا.
بە پێی راگەیەنراوەکە، هێزەکانی ئەمریکا بە ئاراستەکردنی 50 مووشەک کە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، توانیویانە پێگە هەستیارەکانی داعش وێران بکەن. ئامانجە پێککراوەکان بریتی بوون لە؛ بنکەیەکی پەیوەندییەکان، ناوەندێکی گرنگی لۆجیستیکی، چەندین کۆگای هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی.
لای خۆیەوە براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، سەبارەت بەم ئۆپەراسیۆنانە رایگەیاند: "لێدانی ئەم ئامانجانە بەڵگەیە لەسەر بەردەوامیی تەرکیز و سووربوونی ئێمە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا."
ناوبراو ئاماژەی بە رۆڵی هاوبەشەکان کرد و گوتی: "کارکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی یەکجارەکیی داعش، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا، ناوچەکە و جیهان پارێزراوتر بن."
ئەم زنجیرە هێرشە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "هۆک ئای سترایک" (Operation Hawk eye Strike) ئەنجام دەدرێت، کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی 13ـی کانوونی یەکەمی ڕابردوو دەستیان پێ کردووە.
لەو رێکەوتەدا، چەکدارانی داعش لە بۆسەیەکدا لە ناوچەی تەدمور پەلاماری هێزەکانی ئەمریکا و سووریایان دا، کە بەهۆیەوە دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێک کوژران.
سێنتکۆم ئاماری دوو مانگی رابردووی ئۆپەراسیۆنەکانی خستووەتە ڕوو، کە تێیدا زیاتر لە 50 چەکداری داعش کوژراون و دەستگیر کراون.
لە دەستکەوتێکی هەواڵگریی گرنگدا، هێزەکانی سێنتکۆم لە 16ـی کانوونی دووەمی 2026، لە باکووری رۆژئاوای سووریا، "بیلال حەسەن جاسم"ـیان لە هێرشێکی ورددا کوشت. بە پێی زانیارییەکان ئەم سەرکردەیەی داعش پەیوەندیی راستەوخۆی هەبووە بەو گرووپە چەکدارەی کە بەرپرس بوون لە هێرشە خوێناوییەکەی 13ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو.