تاران مەرجەکانی واشنتنی رەت کردەوە
پێگەی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە هەواڵی هەڵوەشانەوەی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بڵاو کردەوە، کە بڕیار بوو رۆژی هەینی بەڕێوە بچێت
چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا پەیامێکی یەکلاکەرەوەیان ئاراستەی تاران کردووە و پێیان راگەیاندوون: "کە واشنتن سازش لەسەر شوێن و شێوازی دیاریکراوی دانوستانەکان ناکات".
ئەو بەرپرسانەی ئاماژەیان بەوە کرد، دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان وانشتن و تاران، کە بڕیار بوو هەینی بەڕێوە بچێت هەڵوەشانەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ئێران رەتی کردەوە بچێتە ناو گفتوگۆیەکەوە کە بابەتە "نا ئەتۆمییەکان" (وەک مووشەکە بالیستییەکان و رۆڵی هەرێمی) لەخۆ بگرێت، هەروەها داوای گۆڕینی شوێنی دانوستانەکانی کردبوو.
پێش بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵوەشانەوەکە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندبوو: کە وڵاتەکەی ئامادەیە رۆژی هەینی لەگەڵ ئێرانییەکان کۆ ببێتەوە.
روبیۆ ئاماژەی بەوە دابوو: "ئێرانییەکان سەرەتا بە شێوازێکی دیاریکراو بۆ گفتوگۆکان رازی بوون، بەڵام دواتر رای خۆیان گۆڕی." هەروەها هۆشداریی دابوو کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "کۆمەڵێک بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستبووە روو کە تا ئەو کاتە شوێنی کۆبوونەوەکە لەژێر تاوتوێکردندا بووە.
لە لایەکی دیکەوە و پێچەوانەی لێدوانە ئەمریکییەکان، میدیا فەرمییەکانی ئێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دانوستانەکان رۆژی هەینی لە "مەسقەت"ـی پایتەختی عومان بەڕێوە دەچن.
بە پێی گێڕانەوەی میدیای ئێران، بڕیار بوو گفتوگۆکان "ناڕاستەوخۆ" بن و تەنیا تەرکیز لەسەر "دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان" بکەن، بەبێ باسکردنی هیچ مەرجێکی دیکەی ئەمریکا.
ئەم دژبەرییە لە لێدوانەکان و رەتکردنەوەی مەرجەکانی یەکتر، ئاماژەیە بۆ قووڵیی متمانەنەبوون و جیاوازیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات، کە دواجار بووە هۆی هەڵوەشانەوەی دانوستانەکان پێش ئەوەی دەست پێ بکات.