ئەمریکا مێژوو و کولتووری رەشپێستەکان دەسڕێتەوە

 بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی، ویلایەت و دامەزراوەکانی ئەمریکا، کۆڵەکە سەرەکییەکانی پاراستنی مافی مەدەنی و ژێرخانی یەکسانیی رەگەزییان لەو وڵاتە وێران کردووە.

پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "دامودەزگاکانی ئەمریکا لە رێگەی سڕینەوەی داتای گشتی، کەمکردنەوەی بودجەی توێژینەوە و سڕینەوەی مێژووی رەشپێستەکان، بنەمای سەرەکیی پێکهاتنی دەوڵەتی ئەمریکایان پێشێل کردووە."

بە گشتی، ئەم هەنگاوانە، پاشەکشەیەکی بێپێشینەن لە پێشکەوتنی مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا و گەورەترین پاشەکشەیە لە دوای سەردەمی بنیاتنانەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکیی رێکخراوی قازانجنەویستی 'ئۆنیکس ئیمپاک'  بڕی سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، لە بودجەی تەرخانکراو بۆ کۆلێژ و زانکۆ مێژووییەکانی رەشپێستەکان و توێژینەوەی تەندروستیی گشتی و خاوەنکارە رەشپێستەکان بڕدراوە، یان سڕ کراوە.

بەگوێرەی هەمان راپۆرت، شەش هەزار و 769 داتا و زانیاریی فیدراڵی سەبارەت بە چاودێریی هۆی مردنی دایکان و نەخۆشی کەمخوێنی هاووڵاتیانی رەشپێست، سڕاونەتەوە. ئەمەش بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ کاریگەریی نەرێیی کردووەتە سەر تەندروستیی رەشپێستە ئەمریکییەکان . 

ئەکسیۆس، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات "591 کتێبی نووسەرانی رەشپێست لە قوتابخانە و کتێبخانەکانی سەر بە پنتاگۆن قەدەغە کراون. لە ناویاندا بەرهەمی نووسەرە ناودارە رەشپێستەکانی وەک تۆنی مۆریسۆن، مایا ئەنجێلۆ و ئیبرام ئێکس، هەن."

 ئیدارەی ترەمپ، پێداچوونەوە بە مۆزەخانە نیشتمانییەکاندا دەکات، لەنێویاندا مۆزەخانەی نیشتمانیی مێژوو و کولتووری ئەفریقایی-ئەمریکی سەر بە سمیسۆنیان، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ، رەخنەی لە مۆزەخانەکان گرت بەوەی 'لە کۆنترۆڵ دەرچوونە' و تەنیا سەرنج دەخەنە سەر لایەنە خراپەکانی وڵاتەکەمان!"

ماڵپەڕەکانی حکوومەت ناوەڕۆکی پەیوەست بە مێژووی رەشپێستەکانیان سڕیوەتەوە. هەندێک لە کەرەستە سڕدراوەکان، لەوانە بابەتەکانی خزمەتگوزاریی پارکە نیشتمانییەکان دەربارەی هاریێت توبمان و مێدگار ئیڤەرز، دوای کاردانەوەی توندی خەڵک گەڕێندرانەوە، بەڵام توێژەران دەڵێن زۆربەی سڕینەوەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و چاک نەکراون.

 بەپێی نوێترین داتای حکوومەت، رێژەی بێکاریی ئافرەتانی رەشپێست بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە %7.5؛ ئەمە زۆر لە رێژەی گشتیی بێکاری لە ئەمریکا بەرزترە و بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ کاریگەری کردووەتە سەر ئافرەتانی رەشپێست.

رۆژنامەی واشنتن پۆست، پێشتر لەم بارەیەوە نووسیویەتی "کۆلێژەکان لە سەرانسەری وڵاتدا، ناوەندە کولتوورییەکانیان داخستووە، لەنێویاندا ئەوانەی بۆ خوێندکارانی رەشپێست تەرخان کرابوون. کاتێک داتا و کەرەستە مێژووییەکان دیار نامێنن، بینین و چارەسەرکردنی جیاوازییە ڕەگەزییەکان سەختتر دەبێت."

مایا ویلی، سەرۆکی کۆنفرانسی سەرکردایەتی بۆ مافە مەدەنی و مرۆییەکان، دەڵێت: دوای سەردەمی بنیاتنانەوە، پاشەکشەمان لەو بوارانەدا بینیوە؛ هەموو جارێکیش، بە بیانووی نوێ، پاساو بۆ ئەو کارە هێنراوەتەوە.. دەستەواژەکان دەگۆڕێن، بەڵام ستراتیجییەکە ناگۆڕێت.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت: بۆ دامەزراندنی خەڵک، ئیدارەی ترەمپ تەرکیزی لەسەر پێوەری زێڕینی زانست و شایستەییە، نەک چالاکیی ئایدیۆلۆجی. یاسای چاکسازیی دادوەریی تاوانکاری و دابینکردنی بودجەیەکی هەمیشەیی بۆ زانکۆ تایبەتەکانی مێژووی رەشپێستەکان، ئاماژەی  یارمەتی و نیازباشیی ئیدارەی ترەمپن بۆ پێشخستنی ئابووریی رەشپێستەکان.

مارک ئێچ. مۆریال، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی شار، دەڵێت: بە پێچەوانەوە بڕینی بودجە و سڕینەوەکان، بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک زیاتر سەرنج بخەنە سەر مێژووی رەشپێستەکان. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی مێژوو، وای لە هەموومان کردووە زیاتر لە پێویستیی خوێندنەوە و لێگەیشتنی ئەو میژووە، بگەین.