ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ: ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی ئێن ئار تی كردی برینداركردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت ئەو کارەی کەناڵی ئێن ئارتی بەرامبەر بە وێنەیەکی مەلا مستەفا بارزانی سیمبوڵی نەتەوەیی کورد کردوویەتی، ناچێتە چوارچێوەی کاری ئازادی رۆژنامەگەریی و بریندارکردنی هەستی نەتەوەییە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەسەر داخستنی نوسینگەی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆک رایگەیاند: هەمیشە وەک بنەمایەکی نەگۆڕ پاڵپشتی لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کاری رۆژنامەگەری دەکەین لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەم ئازادییە نابێت بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان و رەمز و سیمبوڵە نەتەوەییەکان بکرێت.

دەستەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەو رەفتارەی کەناڵی ئاسمانی ئێن ئارتی لە کاتی گواستنەوەی دانیشتنێکی فەرمی، کە تێیدا هەستاون بە لێڵکردن (مغەوشکردن)ی وێنەی رەمزی نەتەوەیی کورد (مەلا مستەفا بارزانی)، پێمان وایە ناچێتە چوارچێوەی کاری ئازادی رۆژنامەگەری و بەکارهێنانی ئەم تەکنیکەش بۆ وێنەی سیمبوڵێکی نەتەوەیی، سوکایەتییەکی راستەوخۆیە و بریندارکردنی هەستی نەتەوەییە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکات، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە بکەن کە دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئازادیی میدیا بە مانای شێواندنی مێژوو و بێڕێزی کردن بە ناسنامەی نەتەوەیەک نییە.

هەروەها دوای داخستنی نوسینگەی کەناڵەکە لە هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: کەناڵی ئێن ئاڕ تی پێشلکاری بەرانبەر سیمبووڵەکانی نیشتیمانی کردووە، دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە بڕیاری داخستنی دراوە، هەروەها بڕیاری داخستنی لە نوسینگەکانی تەواوی کوردستانە، نەوەک تەنیا پارێزگایەک یان دوو پارێزگا، ناردنی هێز بۆ سەر کەناڵەکە راست نییە، وەزارەتی رۆشنبیرە ئاگادارە و نوێنەری لە لێژنەکە دا هەبووە، بە بڕیاری دادگا نوسینگەکە داخراوە.