کۆشکی سپی: سبەی ویتکۆف و کۆشنەر بەشداریی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکەن
کۆشکی سپی بە فەرمی ئاشکرای کرد، کە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، بە بەشداریی کەسایەتییە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوە دەچێت و دیپلۆماسی تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان دەبێت.
پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: سبەی هەینی لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندەکانی واشنتن و تاران بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەتی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و راوێژکاری باڵا، بەشداریی لە دانوستانی مەسقەت دەکەن.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە داوە، کە ئامانجی ترەمپ ئەوەیە بزانێت "ئایا دەکرێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت" و دیپلۆماسی چەقی گفتوگۆکانی سبەی دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، پێگەی هەواڵی 'ئەکسیۆس' لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە وردەکاریی مەرجەکانی واشنتنی ئاشکرا کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، تەوەری سەرەکیی گەڕی دانوستان نێوان واشنتن و تاران لە مەسقەت، پرسی "گواستنەوە و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە بە رێژەی 60%.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە واشنتن بە روونی داوا لە تاران دەکات پابەند بێت بەوەی لە داهاتوودا پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و کۆتایی پێ بهێنێت.
هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا، بەرەو مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان بە رێ کەوتووە.
هاوکات دەڵێت: تاران هیوای خواستووە کە لایەنی ئەمریکی لەم گەڕەی ئەمجارەی دانوستاندا بە "بەرپرسیارێتی، واقیعبینی و جیدییەتەوە" بەشدار بێت.
بەقایی جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ بەکارهێنانی دیپلۆماسی لەدەست بدرێت، ئەوەش لەپێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و زامنکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.