لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە مزگەوتێکی ئیسلام ئاباد 30 کەس کوژران

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە،  تەقینەوە خوێناوییەکەی ئەمڕۆ هەینی 6ـی شوباتی 2026، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، هێرشێکی خۆکوژی بووە و مزگەوتێکی شیعەکانی کردووەتە ئامانج، تێیدا 30 کەس کوژران و 90 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هێرشبەرەکە پێش ئەوەی بچێتە ناوەوەی مزگەوتەکە، لەلایەن پاسەوانانی دەرگەکە ناسراوەتەوە و هەر لەوێدا خۆی تەقاندووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێرشبەرە خۆکوژەکە هەوڵیداوە بچێتە ناو حەرەمی مزگەوتەکە بۆ ئەوەی زۆرترین زیان بە نوێژخوێنان بگەیەنێت، بەڵام لە دەروازەی سەرەکییەوە رێگری لێ کراوە. 

دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە دەروازەکە رێگەیان پێنەداوە، هێرشبەرەکە هەر لەوێدا پشتێنە بۆمبرێژکراوەکەی تەقاندووەتەوە.

 ئەم هێرشە لە کاتێکدا بووە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی لەوێ کۆببوونەوە.
وڵاتی پاکستان ساڵانێکی زۆرە بەدەست توندوتیژیی مەزهەبی و هێرشی گروپە چەکدارەکانەوە دەناڵێنێت، کە زۆرینەی جار کەمینە ئاینییەکان و شوێنە گشتییەکان دەکەنە ئامانج، شاری ئیسلام ئاباد کە پایتەختی وڵاتەکەیە، سەرەڕای رێکارە ئەمنییە توندەکان، ناوە ناوە رووبەڕووی ئەم جۆرە هێرشە خۆکوژییانە دەبێتەوە، ئەم رووداوەی دوایی جارێکی دیکە مەترسییەکانی تیرۆر و ناسەقامگیریی ئەمنیی لەو وڵاتەدا زەق کردووەتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە شیعەکانی تێدا نیشتەجێن.