ناتۆ بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی گرینلاند کۆدەبێتەوە
هەفتەی داهاتوو وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆکسل لەسەر پرسی گرینلاند کۆدەبنەوە. وەزیری بەرگریی بەریتانیا جەخت لە پاراستنی هەموو ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە دەکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆی ناکۆکییەکانەوە پێشبینی دەکرێت وەزیری بەرگریی ئەمریکا بایکۆتی کۆبوونەوەکە بکات.
جۆن هێڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کۆببنەوە و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش تایبەت دەبێت بە دۆسیەی دوورگەی گرینلاند.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە لێدوانەکەیدا پەیامێکی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو راستییە دووپات دەکەینەوە کە ناتۆ هەرچی لەسەری بێت ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆبوونەوەکە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوە دەچێت.
ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، بەهۆی نیگەرانییەکانی واشنتن لە هەڵوێستی ناتۆ بەرانبەر دۆسیەی گرینلاند، ئەگەری هەیە هێگیسیس بەشداریی کۆبوونەوەکە نەکات و لە جیاتی ئەو، سێ فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەمریکا نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمریکا لەم دواییانەدا فشارێکی زۆری خستە سەر دانیمارک و ئەوروپا، جەختی کردەوە کە دەیەوێت دوورگەی گرینلاند بکڕێت یان دەستی بەسەردا بگرێت بۆ زامنکردنی پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەروەها واشنتن، کۆپنهاگن و ئەوروپییەکانی تۆمەتبار کرد بە کەمتەرخەمی لە ئاست هەڕەشەکانی رووسیا و چین لە جەمسەری باکوور و بەتایبەتی لە باکووری زەریای ئەتڵەسی.