واشنتن سزای بەسەر 15 کۆمپانیا و 14 کەشتیدا سەپاند کە دەستیان هەبووە لە بازرگانیکردن بە نەوتی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەمریکا سزای بەسەر 15 کۆمپانیا و 14 کەشتیدا سەپاند بە بیانوونی بازرگانی کردن بە نەوتی ئێران.

هەینی 6ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای بەسەر 15 کۆمپانیا و 14 کەشتیی 'کەشتیگەلی سێبەردا سەپاندووە، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییان بە بازرگانی نایاسایی بە نەوت و بەرهەمە نەوتی و پترۆکیمیاییەکانی ئێرانییەوە".

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە داهاتی نەوتی ئێران، ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی بەرفراوانی بازرگانیی نەوتی ئەو وڵاتەدا سەپاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر 15 دامەزراوە و دوو کەسایەتیدا سەپاندووە، کە رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بازرگانیکردن بە نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، سزای توند خراوەتە سەر 14 کەشتی، کە بە "گەلەکەشتیی سێبەر" ناسراون و بە شێوەی نایاسایی بەکار هێنراون بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران و ساغکردنەوەیان لە بازاڕەکانی جیهاندا.

راگەیاندنی ئەم سزایانە لە لایەن ئەمریکاوە لە کاتێکدایە، ئاژانسی بلومبێرگ، رۆژی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، بڵاوی کردەوە، هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا سزاکانی گەڵاڵە کردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە بەمزووانە بیسەپێنێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

لەوبارەیەوە سیناتۆر لیندزی گراهام رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی لە پرۆژەیاسایەکی کۆنگرێس دەکات کە ئامانجی توندکردنی سزاکانە دژی مۆسکۆ و ئەو وڵاتانەی پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵدا هەیە.

پرۆژەیاساکە کە لە نیسانی 2025ـەوە لەلایەن سیناتۆرانی هەردوو پارتەکەوە ئامادە کراوە، پێشنیازی سزای توند دەکات، لەوانە، سەپاندنی سزای لاوەکی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی رووسیا، زیادکردنی باجی گومرگی بە رێژەی %500، لەسەر کاڵای ئەو وڵاتانەی کە نەوت، گاز و یۆرانیۆم لە رووسیا دەکڕن و کاڵا بۆ ئەمریکا دەنێرن، هەروەها قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە بۆندەکانی قەرزی رووسیا.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، تۆڕی "سی ئێن ئێن" ئاشکرای کردووە کە ترەمپ نیگەرانە لەوەی زیادکردنی سزاکان ببێتە هۆی لەباربردنی دانوستانەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی رووسیا بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە ئابوورییەکەیان لەگەڵ سزاکان گونجاندووە و رۆژئاوا نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت، هاوکات لەناو خودی رۆژئاواشدا دەنگە ناڕازییەکان سەبارەت بە کاریگەریی سزاکان رووی لە زیادبوونە.