ئەردۆغان: بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، پابەندی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا نابین

دادگای ئه‌وروپایی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ داوای ئازادكردنی دەمیرتاش دەكات

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا

K24 - ھەولێر

سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی دەکاتەوە، پابەندی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش نابن.

رۆژنامەی حوریەتی تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی دەستەی باڵای ئاکپارتی دا رایگەیاندووە، ئەنقەرە پابەندی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش نابێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هێشتا پڕۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاش لە ناوخۆی تورکیا تەواو نەبووە.

رۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە، دەستەی سەرۆکایەتی ئاکپارتی بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لە بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بکات.

دوێنێ سێشەممە 22/12/2020، دادگای ئه‌وروپایی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا كرد، ده‌ستبه‌جێ كه‌سایه‌تی سیاسی كورد، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، ئازاد بكه‌ن.

راشیگه‌یاند، زیندانیكردنی ده‌میرتاش پرسێكی زۆر گرنگه‌ به‌ پەیوەست بە دیموكراسییه‌وه‌ و هیچ چه‌ندوچوونێك هه‌ڵناگرێت.

دادگاكه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، هێشتنه‌وه‌ی ده‌میرتاش بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌ زیندان، هه‌وڵێكی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بۆ رێگرتن له‌ فره‌یی سیاسی و هاتنه‌ ئارای گفتوگۆیه‌كی سیاسی له‌ وڵاتدا.

لە 4/11/2015 سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەكداغ ھاوسەرۆکانی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی دیكەی حزبەكەیان بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی پەكەكە دەستگیركران، سەڵاحەدین دەمیرتاش تائێستا 39 جار دادگاییکراوە.

ھ.م