روانگەی عێراقی سەوز: ئاوی چوار پارێزگای عێراق پیسترینە بۆ خواردنەوە

روانگەی عێراقی سەوز لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026، ئاشکرای کرد، چوار پارێزگا پشت بە یەک سەرچاوەی ئاو دەبەستن کە ماددەی پیسکەری زۆر مەترسیدار بۆ تەندروستی مرۆڤی تێدایە.

روانگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، پارێزگاکانی بەغدا، واست، میسان، و بەسرە پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستن، کە ماددەی پیسکەری ئۆرگانیی زۆر مەترسیداری تێدایە وەک ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکانی پاشماوەی پلاستیک و پیشەسازی و هەڵمی کیمیایی (VOCs) و ژەهری کشتوکاڵی، کە زۆر مەترسیدارن بۆ تەندروستی مرۆڤ و خاوێنکردنەوەیان زۆر قورسە.

راشیگەیاند، ئەو ماددانە زیانی تەندروستی گەورەیان لێدەکەوێتەوە کە بریتین لە شێرپەنجە، تێکچوونی غوددە، تێکچوونی جگەر و گورچیلەکان و پیسبوونی ژینگە.

روانگەی عێراقی سەوز روونیشی کردەوە، ئاوی ئەم رووبارە زۆر پیس بووە، بە جۆرێک کە پیسبوونەکە لە پایتەختەوە دەستپێدەکات و دەگاتە پارێزگاکانی دیکە کە ئەوانیش بەشدارن لە زیادکردنی رێژەی پیسبوونەکە، بەڵام بە رێژەی کەمتر. ئەم پیسبوونە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژیانی زیندەوەران هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە وەزارەتەکان راپۆرتێکیان لەسەر هەڵسەنگاندنی کوالیتی ئاو لە بەغدا کردبوو، بە راسپاردەی لایەنە باڵاکانی حکوومەت، بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوتنی ئەنجامە کارەساتبارەکان لە ئاوی دیجلەدا، ئەو لایەنانە نەیانویستووە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە ئاشکرا بکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەم ئاوە سەرچاوەی سەرەکی بەکارهێنانی رۆژانەی مرۆڤە.