لە سنووری لوڕستان سێ مەتر بەفر باریوە
شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ و بارانێکی بەخوڕ سەرجەم پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆری ئێران گرتووەتەوە. ئەم دیاردەیە کە چاوەڕوان نەکراو بووە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژیانی رۆژانە و هاتوچۆ لە ناوچە جیاوازەکاندا دروست کردووە.
لە شاری سەرمەستی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەفرێکی زۆر باریوە و کۆڵان و شەقامەکانی شارەکەی بەتەواوی سپیپۆش کردووە. دانیشتوانی ناوچەکە رایانگەیاندووە، ئەمە یەکێکە لە چڕترین بەفربارینەکانی ساڵانی ڕابردوو، کە بووەتە هۆی داخستنی چەندین ڕێگا و پەکخستنی کاروباری رۆژانە.
سادق زیاییان، بەڕێوەبەری قەیرانەکان لە رێکخراوی کەشناسی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: "پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا، بارانبارینی بەخوڕ لە رۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بەردەوام بێت. هاوکات، ناوچە سارد و شاخاوییەکان، لەوانە زنجیرەچیاکانی زاگرۆس، شاھیدی بەفربارینێکی زۆر دەبن."
زیاییان داوای لە هاووڵاتییان کرد وریابن و خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بەدوور بگرن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکاندا، بەھۆی مەترسی داڕمانی بەفر و رووداوەکانی هاتوچۆ.
گرنگترین رووداو لەم شەپۆلی سەرما و بەفرەدا، لە ڕێگای ئێلی گودەرز لە پارێزگای لوڕستان تۆمارکراوە.
بەپێی راپۆرتی دەزگا فەرمییەکان، نزیکەی 3 مەتر بەفر لەو ناوچەیە باریوە. ئەمەش وای کردووە رێگای سەرەکی ئێلی گودەرز بەتەواوی دابخرێت، کە یەکێکە لە رێگا گرنگەکان بۆ گواستنەوەی کاڵا و خەڵک لە نێوان چەندین شاردا.
تیمەکانی پاککردنەوەی بەفر لە حکوومەت و ڕێکخراوە خۆبەخشەکانەوە، لە هەوڵدانێکی چڕ و بەردەوامدان بۆ کردنەوەی رێگاکە و رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە بەفردا گیریان خواردووە. ئەم رێگایە ناسراوە بەوەی کە لە وەرزی زستاندا بەفرێکی زۆر دەیگرێتەوە، بەڵام ئەم بڕە لە بەفر لە چەند ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە.
ئەم شەپۆلە کەشوهەواییە تەنیا کاریگەری لەسەر هاتوچۆ دروست نەکردووە، بەڵکو بووەتە هۆی کێشە لە دابینکردنی کارەبا و ئاوی خواردنەوە لە هەندێک ناوچەدا، بەتایبەتی لە گوندە دوورەدەستەکان.