هەولێر؛ گازی ژەهراویی نێو خەزانێکی قیر کۆتایی بە ژیانی دوو کرێکار هێنا

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشکرای کرد، دوو کرێکار لە کاتی کارکردنیان لەنێو خەزانێکی هەڵگرتنی قیر، بەهۆی گازی ژەهراوی نێو خەزانەکە خنکاون و تەرمی یەکێکیان دەرهێنراوە.

شەممە، 7ـی شوباتی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، وردەکاریی گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری بیانی لە یەکێک لە کارگەکانی ئیزۆگام ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هۆکاری مردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ خنکان بە گازی ژەهراوی لە کاتی کارکردندیان لە نێو خەزانێکی هەڵگرتنی قیر.

بە پێی لێدوانەکەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی، دوو کرێکارەکە هەڵگری رەگەزنامەی "بەنگلادیشی" و "ئێرانی"ـن. رووداوەکە لە کاتێکدا روویداوە کە کرێکارەکان بە پێچەوانەی رێنماییەکان و بە مەبەستی کارکردن، چوونەتە نێو یەکێک لە خەزانەکانی کارگەکە، کە پڕ بووە لە گازی ژەهراوی.

شاخەوان سەعید جەختی کردەوە کە بەردەوام رێنمایی توندیان داوەتە کارگەکان و کرێکاران کە بە هیچ شێوەیەک نەچنە نێو خەزانەکان هەڵگرتنی ماددەی خام، تەنانەت ئەگەر بەتاڵیش بن، چونکە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانیان هەیە.

 ناوبراو روونی کردەوە، "مانەوە لە نێو ئەو خەزانەدا بۆ ماوەی تەنیا چەند چرکەیەک دەبێتە هۆی بێهۆشبوون و لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمیشدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان."

سەبارەت بە هۆکاری رزگارنەکردنیان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە دا، کە دواکەوتن لە ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی فریاگوزاری هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانەکەیان بووە.

 ناوبراو نموونەی بە رووداوێکی هاوشێوە هێنایەوە کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا روویداوە و گوتی: "لە رۆژانی ڕابردوودا سێ کرێکاری سووریمان لە دۆخێکی هاوشێوەدا رزگار کرد، تەنیا لەبەر ئەوەی بە خێرایی ئاگادار کراینەوە و تیمەکانمان زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."

لە بارەی رێککارە یاسایی و کارگێڕییەکان بەرانبەر کارگەکە، شاخەوان سەعید رایگەیاند: "وەک بەرگریی شارستانی، بڕیارمان داوە مۆڵەتی ئەو کارگەیە نوێ نەکەینەوە. دوای کۆتاییهاتنی رووداوەکە، پشکنینی ورد بۆ شوێنەکە دەکەین و هەر جۆرە کەموکورتییەک لە مەرجەکانی سەلامەتیدا هەبێت، لێپێچینەوەی توندی یاسایی لەگەڵ خاوەن کارگەکە دەکرێت."

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە تەرمی یەکێک لە کرێکارەکان دەربهێنن و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی تەرمی دووەم بەردەوامە.