دوای گرینلاند دوورگەکانی ڤارۆ دەبنە سەرئێشەیەکی نوێ بۆ دانیمارک
دوای ئەو مشتومڕە نێودەوڵەتییەی بەهۆی داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کڕینی گرینلاند دروستبوو، ئێستا دوورگەکانی ڤارۆ کەوتوونەتە هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی زیاتر، ئەمەش وەک فشارێکی نوێ بۆ سەر حکوومەتی دانیمارک لێکدەدرێتەوە.
شەممە 7ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دوورگەکانی ڤارۆ ئارەزووی سەربەخۆیی تەواوەتی لە دانیمارک دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە هەستیارەی ئێستا رووبەڕووی دانیمارک بووەتەوە، بڕیاریان داوە هەنگاوەکانیان دوابخەن.
بیارنی کاراسۆن پیتەرسن، پەرلەمانتاری دوورگەکانی ڤارۆ، رایگەیاندووە، ئەوان نایانەوێت لەم کاتە سەختەدا فشارەکان چڕ بکەنەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، دواخستنی گفتوگۆکانی سەربەخۆیی "هەنگاوێکی هاوسۆزییە" بۆ گرینلاند و دانیمارک، لە کاتێکدا ترەمپ هەڕەشەی لکاندنی گرینلاند بە ئەمریکاوە دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، ئەکسێل یۆهانسن، سەرۆکوەزیرانی دوورگەکانی ڤارۆ، جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆدەنگییەکی سیاسی بەهێز هەیە بۆ راستکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دانیمارک، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکردەکانی ڤارۆ دەڵێن رێککەوتنامەی ئێستا دەنگی ئەوانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کپ کردووە و دەیانەوێت مافی واژۆکردنی رێککەوتنی بازرگانی سەربەخۆیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەبێت.
دوورگەکانی ڤارۆ کە ژمارەی دانیشتووانیان تەنها 55 هەزار کەسە، دەکەونە شوێنێکی ستراتیژی گرنگ لە نێوان ئایسلەندا و سکۆتلەندا لە ناوچەی جەمسەری باکوور.
دانیمارک لە ئێستادا بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی شانشینەکەی بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار ئارەزووی خۆی بۆ کڕینی گرینلاند نیشان داوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتدارانی دانیمارک و گرینلاند هۆشداری توندیان داوەتە واشنتن و جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت رێز لە سەروەری خاکەکەیان بگیرێت و رێگە بە هیچ جۆرە دەستبەسەرداگرتنێک نادەن.