ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر مالیکی و ناکۆکیی لایەنەکان هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریان دواخست

لە نێوان هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بڕینی هاوکارییەکان و ململانێی ناوخۆیی ماڵی شیعە لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تا گرێکوێرەی کاندیدکردنی 'مالیکی' نەکرێتەوە، پەرلەمان ناتوانێت هەنگاو بۆ قۆناغی دواتر بنێت.

شەممە، 7ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکوومەتی عێراق، زانیاریی تایبەتی بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد، سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان و تەواوی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیە ئەگەر بەڕێوە بچێت، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە بەرنامەی کاردا نابێت.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە باڵایە، دواخستنی پرۆسەکە تەنیا پەیوەست نییە بە نەگەیشتنە رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، بەڵکو هۆکارێکی سەرەکیی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە نێو ماڵی شیعەدا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێستا بەهۆی "ڤیتۆی ئەمریکا"ـوە مشتومڕێکی توند لە نێو هێزە شیعییەکاندا هەیە سەبارەت بە کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. ئەمەش وای کردووە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش پەک بکەوێت، چونکە بە پێی دەستوور، یەکەم ئەرکی سەرۆک کۆمار دوای هەڵبژاردنی، راسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و تا پرسی سەرۆک وەزیران یەکلایی نەبێتەوە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەستەمە.

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا، ئەو سەرچاوەیە بۆ کوردستان24ـی روون کردەوە، کە پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا پارتی و یەکێتی بە مەبەستی لێکتێگەیشتن و یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار کۆببنەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کۆبوونەوەی راستەوخۆش لە نێوان ئەو دوو حزبە ئەنجام نەدرێت، ئەوا لە رێگەی نامە و پەیامی ناڕاستەوخۆوە هەوڵی کردنەوەی گرێکوێرەکە دەدەن.

سەرچاوەکە جەختی کردەوە، کە کلیلی چارەسەری دۆخەکە و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەستراوەتەوە بە دوو مەرجی سەرەکییەوە؛ یەکەمیان رێککەوتنی کورد لەسەر کاندیدەکەیان، دووەمیان یەکلاکردنەوەی کێشەی کاندیدی سەرۆک وەزیران لە نێو ماڵی شیعە بە رەچاوکردنی هەڵوێستی نێودەوڵەتی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دوو بڕگە کۆبێتەوە.

بە پێی راگەیەنراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی دەخۆن و دەست بە کار دەبن، لە شوێنی ئەو ئەندامانەی کە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.

هەروەها لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دەنگ لەسەر پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان و دابەشکردنی ئەندامان بەسەر ئەو لیژنانە دەدرێت.