کوشنەر و ویتکۆف چوونە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن

کۆشنەر و ویتکۆف لەسەر کەشتی ئەبراهام لینکۆڵن
کۆشنەر و ویتکۆف لەسەر کەشتی ئەبراهام لینکۆڵن

رێک رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی گەڕێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران، جارێد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسەردانێکی مەیدانی گەیشتنە سەر پشتی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن). ئەم هەنگاوە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە ناوچەکە لە نێوان بژاردەی دیپلۆماسی و گرژییە سەربازییەکاندا دەگوزەرێت.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا و دوو سەرچاوەی هەرێمی، بەیانی ئەمڕۆ شەممە 7ـی شوباتی 2026، کوشنەر و ویتکۆف لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەردانی ئەو کەشتییە جەنگییەیان کردووە کە ئێستا لە ئاوی ناوچەکەدا جێگیر بووە.

 هەرچەندە ئامانجی فەرمیی سەردانەکە وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ سەربازانی ئەمریکی راگەیەندراوە، بەڵام کاتەکەی پەیامێکی روونی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران تێدایە.

ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ هەینی ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی دانوستانی زۆر باشی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە، ئەمەش دوای کۆبوونەوە ناڕاستەوخۆکانی شاندەکانی هەردوو وڵات لە وڵاتی عوممان.

ئەم جوڵەیەی شاندی باڵای ترەمپ وەک بیرخستنەوەیەک دەبینرێت کە واشنتن سەرەڕای دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان، هێشتا پێگەی سەربازیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەهێزی هێشتووەتەوە، لە هەفتەکانی رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ چەندین بژاردەی سەربازیی بۆ لێدانی ئێران تاوتوێ کردووە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ دەسپێکردنی هێرش نەدراوە، بەڵام ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.