ناتانیاهۆ و ترەمپ نەخشەڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دادەڕێژنەوە

لە کاتێکدا جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ تاران دەستیان پێکردووەتەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، کە بنیامین ناتانیاهۆ سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە. ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر رێککەوتنێک دەبێت بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکان و هێزە بریکارەکانی ئێران بگرێتەوە.

شەممە، 7ـی شوباتی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، ناتانیاهۆ سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆسیە هەرێمییەکان دەبێت، کە لە سەرووی هەموویانەوە پرسی دانوستانەکانە لەگەڵ ئێران.

بە پێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، جەخت لەسەر هەڵوێستی تەلئەڤیڤ دەکاتەوە سەبارەت بە هەر پرۆسەیەکی دانوستان.

ناتانیاهۆ پێی وایە هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ تاران دەبێت بە روونی دوو مەرجی سەرەکی لەخۆ بگرێت: یەکەمیان سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکان و دووەمیان کۆتاییهێنان بەو پشتیوانییە دارایی و سەربازییەی تاران کە پێشکەشی گرووپەکانی دەکات.

ئەم لێدوانانەی ئیسرائیل لە کاتێکدان کە واشنتن و تاران هەنگاوی کردەییان ناوە بۆ کردنەوەی کەناڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆ. عوممان میوانداریی گەڕێک لەو گفتوگۆیانەی کردووە کە بە "سەرەتایەکی باش" وەسف کراون، بەڵام هێشتا بۆشاییەکی گەورە لە نێوان هەردوولادا هەیە.

ئێران پێداگری دەکات کە دانوستانەکان تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمیدا قەتیس بکرێن، لە بەرانبەردا بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بە ویستی خۆیان دەکەن بۆ فراوانکردنی بازنەی دانوستانەکان بۆ ئەوەی بەرنامەی مووشەکییەکان بگرێتەوە. 

هاوکات، بە پێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، سەردانەکەی ناتانیاهۆ هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆسیەی غەززە لەژێر ناوی دەستپێشخەریی "ئەنجوومەنی ئاشتی".

 

هۆشدارییە سەربازییەکانی ئێران

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆهۆشداریدا کە ئەگەر وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشی ئەمریکا ببێتەوە، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.

لای خۆیەوە، عەبدولڕەحیم موسەوی سوپاسالاری ئێران، جەختی کردەوە کە "هەر سەرکێشییەک دژی ئێران، دەرەنجامی زۆر مەترسیدار و وێرانکەری دەبێت".