ئیسماعیل قائانی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ بەرپرسە باڵاكان كۆبوویەوە

لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی باسی دۆسیەی بەئامانجكردنی نێردە دیپلۆماسییەكانی كرد
فەرمانداری فەیلەقی قودسی پاسداران ئێرانی
فەرمانداری فەیلەقی قودسی پاسداران ئێرانی

K24 – ھەولێر:

سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار رایگەیاند، فەرمانداری فەیلەقی قودسی پاسداران ئێرانی، ئیسماعیل قائانی لە میانی چەند كاتژمێری رابردوودا سەردانێكی ناراگەیاندراوی بەپەلەی بۆ بەغدا ئەنجامدا و چاوی كەوت بە بەرپرسە باڵاكانی عێراق.

سەرچاوەكە روونیكردەوە، قائانی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە دەوروبەری كاتژمێر حەوت گەیشتە بەغدا و چاوی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، مستەفا كازمی كەوت و لەگەڵیدا باسی دۆسیەی بەئامانجكردنی نێردە دیپلۆماسییەكانی كرد و بە تایبەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

سەرچاوە ئاگادارەكە روونیكردەوە، قائانی لە دیدارەكەیدا لەگەڵ كازمی جەختیكردەوە لەوەی ئێران ئەو گرووپانەی لەو نزیكن، ھیچ پەیوەندییەكان بەو ھێرشانەوە نییە، ئەوانەی ناوچەی سەوز و كاروانە سەربازی و لۆجیستییەكانی  سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەنە ئامانج. ئاماژەشیكرد بەوەی ئەو لایەنانەی لە پشت ئەو بە ئامانجكردنانەن "سیاسین" و ھەوڵ دەدەن پەڕەكان تێكەڵ و پێكەڵ بكەن.