ئیلهام ئەحمەد: پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە بەشداریی شەڕڤانانی ئافرەت بەڕێوەدەچێت

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای حکوومەت بە بەشداریی کارای شەرڤانانی ئافرەت بەڕێوەدەچێت. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێدا دەچەسپێندرێن و کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەکرێت.

شەممە 7ی شوباتی 2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە میانەی پێشکەشکردنی سیمینارێک لە شاری قامشلۆ رایگەیاند، پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بەردەوامە و بڕیارە لیوا و فیرقەی تایبەت لە شارەکانی حەسەکە و کۆبانێ دابمەزرێنرێن، کە تێیدا شەڕڤانانی ئافرەت بەشدارییەکی کارایان دەبێت.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی تێکەڵکردن تەنیا لایەنی سەربازی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکییە رۆشنبیرییەکان و پرسی زمانیش دەگرێتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد، لە ماوەی داهاتوودا لیژنەیەکی تایبەت بە نووسینەوەی دەستوور دەستنیشان دەکرێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی، بەرپرسەکەی خۆسەری گوتی: هەندێک لایەن هەوڵی ئەوەیان دەدا ئاگری شەڕ و ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا خۆش بکەن و ئیرادەی گەلی کورد تێکشکێنن، بەڵام یەکڕیزیی مێژوویی گەلەکەمان و هۆشیارییان بووە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو پیلانانە".

ئیلهام ئەحمەد دڵنیایی دا، مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتوودا جێگیر دەکرێن و دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنن. هەروەها جەختی کردەوە، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەرەکییەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عەفرین، سەرێ کانی و سەرجەم ناوچەکانی دیکە دەکرێت.