مەسرور بارزانی: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بڕیاری کوردە
لە میانەی گۆڕانکارییە خێراکان و ئاڵۆزییەکانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان, لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (سکای نیوز عربیة) تیشک دەخاتە سەر نوێترین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان، هەروەها دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە روو.
شەممە، 7ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ دوایین پەرەسەندنەکان و خوێندنەوەی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (سکای نیوز عربیة)، بە وردی تیشکی خستە سەر دۆسیە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم چاوپێکەوتنە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی پڕ لە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت و تێڕوانین و هەڵوێستەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، جێگەی بایەخی ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکانە.
لە دەستپێکدا مەسرور بارزانی رایگەیاند: گرنگە رێز لە دەنگ و خواستی خەڵکی عیراق بگیرێت، هەڵبژارندمان کرد و خەڵک دەنگی خۆیان دا، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران دەبێت رەنگدانەوە واقعی خەڵک بێت، سەرەوەریی وڵات زۆر گرنگە، دەبێت رێزی لێ بگیرێت.
ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لە دۆستانی عێراق رێزیان لەو سەرەوەرییە گرتووە، هەروەها پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێمە رێز لە پێکهاتەی شیعە دەگرین، هەروەک دەزانن هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران لە ئەرکی پێکهاتەی شیعەیە، کە لە چەندین هەڵبژاردنی ڕابردووش هەروا بووە.
باسی لەوەش کرد، پێمان وایە کوتلەی شیعە، بەرپرسیاری یەکەمە لە پێشکەشکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئێمەش ڕێز لە بریار و کاندیدی ئەوان دەگرین.
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە، مەسرور بارزانی، گوتی: کورد کاندیدی سەرۆککۆمار هەڵدەبژیریت، کە دەبێتە سەرۆکی هەموو عێراق نەک تەنیا هی کورد، هاوکات سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیە و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانیش شیعە هەڵیدەبژێرێت.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، پارتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە هەموو عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 دەنگ، کە ئەمەش وای کرد پارتی ببێتە گەورەترین حزب لە عێراق.
گوتیشی: مانای ئەوەیە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە پارتی داوە، بۆیە ئەگەر لۆجیکی سووننە و شیعە بەکاربهێنین، کە کانیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە دیاری دەکەن، ئەوە مافی پارتییە کە پۆستی سەرۆککۆمار دیاریی بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە روو، پارتی دەیەوێت سەیری زۆرینەی خەڵکی کورد و بەرژەوەندییەکانی بکات، رێز لە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان بگرێت، بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام حزبی دیکە هەیە نایەوێ بەوشێوەیە لەسەر کانیدی هاوبەش کارمان لەگەڵ بکات.
دەشڵێت: بۆیە ئێمە ناچارین، پرۆسەیەکی دیموکراتی دادپەروە و یەکسان بەکار بهێنین، ئەمەش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی کاندیدێک لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش هەڵبژێرین و زۆرترین دەنگی بەدەست بهێنێت و نوێنەرایەتیی هەموو کورد بکات.
هاوکات سەرۆکوەزیران رێگەیەکی دیکەی بۆ چارەکردنی پرسی سەرۆککۆمار خستە ڕوو، دەکرێت لە رێگەی ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە عێراق کە لە قۆناغی یەکەم دەنگ لەسەر 9 کاندید بدێت و کی زۆرتین دەنگی هێنا ببێتە کانیدێکی هاوبەش، ئێمە باوڕمان وایە، ئەو تاکە میتۆدە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرییمان بۆ سەرۆککۆمار هەبێت.
هەر لەر بارەی پرسی سەرۆککۆمار مەسرور بارزانی، درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: ئەگەر نەگەیشتنە هیچ رێککەوتێک، کە تاوەکوو ئیستا هیچ رڕککەوتنێک لەگەڵ پارتەکانی دیکە نییە.
هەورەها جەختی لەوە کردەوە، ئێمە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی ئێستا عێراقمان وەک کانیدی سەرۆککۆمار هەڵبژاردووە، پێمان وایەی زۆر گونجاوە، خۆی سەلماندووە و تواناکانی لە رادەبەدەرن، کەسێکی چالاک و لێهاتووە، بۆیە پێمان وایە، سەرۆککۆمارێکی باش دەبێت.
گوتیشی: پۆستی جیا، بەرپرسیارێتی جیای هەیە، بۆیە پۆستی سەرۆککۆمار، بە سەرجەم بەرپرسیارێتییەکانیەوە رۆڵیکی گرنگی لە وڵاتدا هەیە وەک وەزیری دەرەوە نییە، هاوکات ئیستا هەر کەسێک ببێتە وەزیری دەرەوە، دەبێت بەپرسیاری بەرێوەبردنی کاروباری دەرەوە لە ئەستۆ بگریت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە سوپای ئەمریکا کرد و رایگەیاند: بوونی سوپای ئەمریکا لە وڵات و شەڕکردن دژی تیرۆر، تەنیا لەسەر بەنگهێشتی کورد نەبووە، بەڵکوو لەسەر داوای هەموو عێراق بوو.
هاوکات ئەوەشی راگەیاند: عێراق بوو داوای لە ئەمریکا کرد یارمەتییان بدەن و شەڕ لە دژی تیرۆر بکەن، بۆیە دەبێت زۆر سوپاسگوزار بین بۆ پشتگیرییەکان و سەرکردایەتیی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر.
لە بارەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، مەسرور بارزانی، گوتی: ئێمە پێمان وانییە، کە داعش بە تەواوی لە نێو چووە، ڕاستە ناوچەیەکی زۆریان لەدەست داوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکی جیددییە و بوونی هەیە و لە دەوروبەرمانن، بە تایبەت دوای ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی لە سووریا روویانداوە، کە داعش چەند چالاکییەکی هەبووە.
جەختی لەوەش کردەوە، بە دڵنییاوە ئازادکردنی هەندێک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، وای کردووە،هەڕەشەی داعش زۆر جیددی بێت، ناتوانین حاشا لەو راستییە بکەین، راستە خزمەگوزراییە ئەمنی، سەربازی و ناوخۆییەکانی عیراق لە پێشووتر باشترە، بەڵام ناکرێت، وای تێبگەبگەین کە داعشبە فۆرمێکی دیکە ناگەرێتەوە.
دەشڵێت: ئێمە پێمان وایە، بوونی ئەمریکا و یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ تێکشکاندنی داعش، هێشتا زۆر پێویستە.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی کورد لە سووریا و ڕێککەوتنی نێوانیان هەسەدە و دیمەشق ڕایگەیاند: "پێم وایە هەنگاوێکی باشە لە ئاراستەیەکی دروستدا، بەڵام ئێمە پێمان وایە کورد لەوێ زۆر ئازاری چەشتووە، شایەنی ناساندنن و شایەنی هەندێک مافن. ئێمە نایەین بسەپێنین و بڵێین ئەو مافانە چین، پێم وایە ئەوان دەتوانن خۆیان دانوستان بکەن. ئێمە لەوێین بۆ هاوکاری و پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبووە بۆ پاراستنی ئاگربەست. گرنگترین شت ئەوەیە دڵنیابین لەوەی شەڕ نەبێت و لە ژینگەیەکی ئاشتیانەدا دەکرێت مەجالێکی زیاتر هەبێت بۆ دیالۆگی بەهێزتر و بنیاتنەرتر بۆ گەیشتن بە چارەسەر و ڕێککەوتنێکی بەردەوامتر. بۆیە دەڵێم هێشتا کار پێویستە، بەڵام هیوادارم بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات."
هەروەها دەربارەی ناسنامەی نەتەوەیی و دابەشبوونی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: " وەک دەزانن کوردستان بە درێژایی مێژوو دابەش کراوە و مێژوو دادپەروەر نەبووە کاتێک باس لە پرسی کورد دەکرێت، بەڵام واقیعی نوێ هەیە. ئێستا کوردستان دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتی سەرەکی، سووریا، تورکیا، ئێران و عێراق. هەر بەشێک لەم وڵاتانە تایبەتمەندی و دۆخی تایبەتی خۆی هەیە. ئێمە ڕێز لە تایبەتمەندی هەر یەکێک لەم ناوچانە دەگرین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کورد لە هەر یەکێک لەم وڵاتانەدا شایەنی ئەوە نین مافی تەواویان هەبێت. ئێمە ڕێز لەو شێوازە دەگرین کە ناوچە کوردییەکان لە سووریا، لە تورکیا، لە ئێرانیان لە عێراق خەبات دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان."
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە دەستوەردان لە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ ناکەین، بەڵام سەرنجی من لەسەر عێراقە و پێمان وایە لە عێراقدا گەیشتووینەتە سیستەمێکی فیدراڵی کە بڕوامان وایە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت کار دەکات. بابەتەکە پەیوەندی بەو شێوازەی نییە کە تۆ پەرەی پێ دەدەیت، بەڵکوو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تۆ بە ڕاستی دەتەوێت بەو پەیوەندییە چی بکەیت. ئێستا لە عێراقدا فیدراڵیمان هەیە بەڵام بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. هێشتا کێشەمان هەیە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی تردا هێشتا دانوستان هەیە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم پەیوەندییە ڕاست بکرێتەوە. بۆ نموونە لە تورکیا پرۆسەیەکی ئاشتی هەبوو کە دەستی پێ کردبوو، هیوادارم ببێتە هەوێنی چارەسەرێکی بەردەوامتر. لە ئێرانیشدا پێم وایە کورد شایەنی ئەوەیە مافی خۆی هەبێت، بەڵام ئەوە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە کە بڕیار بدەن چ جۆرە پەیوەندییەک دەیانەوێت پەرەی پێ بدەن."
هەر لەو بارەیەوە دووپاتی کردەوە: "وەک نەتەوەیەک، کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر، شایەنی ئەوەن مافی بڕیاردانی چارەنووسیان هەبێت. ئەمە هەندێک جار تەنانەت قسەکردنیش لەسەری قەدەغەیە، بەڵام پێویستە ڕێگری لە کورد نەکرێت باسی خەونەکانیان بکەن. کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر مافی یەکسانیان هەیە؛ هەمان ئەو مافانەیان هەیە کە عەرەب و فارس و تورک هەیانە. واقیعەکە جیاوازە و ئێمەش مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆدا دەکەین."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "من پێم وانییە کورد بوون کێشە بێت. تەنیا ئەو کەسانەی فرە نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە یان ڕێز لە نەتەوەکانی دیکە ناگرن، ناسنامەی کوردی وەک کێشەیەک دەبینن. خودا منی بە کورد دروست کردووە، ناتوانم نکۆڵی لێ بکەم و شانازی دەکەم بەوەی کوردم. جا چ لە عێراق بژیم یان لە هەر شوێنێکی تر، من کوردم و ناتوانم ئەو ناسنامەیە بگۆڕم و هەرگیزیش نایگۆڕم. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: پەیوەندی من لە عێراقدا چۆنە؟ چۆن مامەڵەم لەگەڵ دەکرێت؟ ئەگەر کورد هەست بکەن کە هاووڵاتی یەکسانن لە هەر یەکێک لەم وڵاتانەدا، ئەوا ناچار نابن بەدوای چارەسەری تردا بگەڕێن، بەڵکوو وەک هەر هاووڵاتییەکی تری ئەو وڵاتە چێژ لە ژیان وەردەگرن."
سەبارەت بە بودجە و مووچە و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: " لە عێراق ئێمە کۆتا کەسین کە مووچە وەردەگرین، ئەگەر هەر وەریبگرین. ئەمە بەداخەوە پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، نەک تەنیا پێشێلکردنی مافی کورد. چونکە دەستووری عێراق داوای مامەڵەی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەکات لەوانەش کورد، بەڵام ئێمە ئەوە نابینین. دەبینین بودجە وەک کارتێکی سیاسی دژی گەلی کورد بەکاردەهێنرێت. بێگومان هەمیشە ڕوونکردنەوە هەیە کە گوایە کورد ڕۆڵی خۆیان نەگێڕاوە، بەڵام بێگومان ئەگەر حوکمڕانییەکی باش هەبێت، بە دادپەروەرییەوە سەیری ئەوە دەکات کە کورد چۆن پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و حکوومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کردوون."
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەشی دا، "ئێمە پشتیوانی بێ مەرجمان بۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران نیشانداوە. بێگومان ئێمە هەمیشە پشتیوانی بۆ هەر سەرۆکوەزیرانێک پێشکەش دەکەین بەو هیوایەی کە ڕێز لە دەستوور بگرن وەک پێویست. ئێمە چاوەڕێی هیچ سەرۆکوەزیرانێک ناکەین کە ببێتە سەرۆکوەزیرانی پێکهاتەیەکی دیاریکراو و بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییان بکات. بەداخەوە تا ئێستا نەمانبینیوە کە لە هەموو قۆناغەکانی سەرۆکایەتی وەزیرانی هەموو ئەم سەرۆکوەزیرانانەدا بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت."
جەختیشی کردەوە: "ئێمە هەوڵدەدەین ببینە توخمێکی بنیاتنەر و ئەرێنی. داوای کێشە ناکەین، داوای دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێمان ناکەین. ئێمە دەمانەوێت ڕێزی یەکترمان هەبێت، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر لەگەڵ هەمووان بێت. ئەوەش ئەو شێوازەیە کە ئێمە کارمان لەسەر کردووە، پاراستنی پەیوەندی باش لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگری لەسەر پاراستنی مافەکانمان دەکەین کاتێک باس لە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا دەکرێت؛ بۆیە، بوون بە هاووڵاتی باش زۆر قورس نییە، پێموایە کورد سەلماندوویانە کە نایانەوێت ببنە بەشێک لە کێشەکە، بەڵکوو دەیانەوێت ببنە بەشێک لە چارەسەرەکە، بە درێژایی ساڵان کورد سەلماندوویانە کە ئەوان بەشێکن لە چارەسەرەکان نەک کێشەکە."
لە کۆتاییدا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و ململانێکان ڕایگەیاند: "من تەنیا دەتوانم بۆ خۆمان قسە بکەم، ناتوانم بۆ هیچ وڵاتێکی تر قسە بکەم. بێگومان ئێمە نامانەوێت گرژی ببینین، نامانەوێت ململانێ ببینین، نامانەوێت ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ببینین. پێمان وایە کات دەتوانێت برینەکان ساڕێژ بکات و هیوادارین کێشەکان چارەسەر بکات. باشتر وایە هەموو وڵاتێک هەوڵ بدات کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات یان لانیکەم لە کێشەکە دوور بکەوێتەوە، سووتەمەنی بۆ ئاگرەکە زیاد نەکات. سەبارەت بە عێراق، ئێمە دەمانەوێت و ئەوەشە کە هەوڵمان داوە بیکەین و سوپاس بۆ خودا ئەوەشمان لە بەغداوە بینیوە، پێویستە عێراق لەم ململانێیانە دوور بکەوێتەوە، پێم وایە هەموو وڵاتان دەبێت هەوڵ بدەن کێشەکان کۆنترۆڵ بکەن و نەبنە بەشێک لە ئاڵۆزکردنی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە."
نوێ دەکرێتەوە.