ژیریی دەستکرد بوومەلەرزە لە بازاڕەکانی جیهان دەدات ، 400 ملیار دۆلار زیان لە یەک هەفتەدا
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە راپۆرتێکی شیکاریدا بڵاویکردەوە، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا وەبەرهێنەران لە بازاڕە جیهانییەکاندا زیاتر لە 400 ملیار دۆلاریان لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دابەزینە گەورەیە دوای ئەوە هات کە وەبەرهێنەران درکیان بەوە کرد ژیریی دەستکرد (AI) خەریکە بە شێوەیەکی ریشەیی جێگەی تەواوی پیشەسازییەکان دەگرێتەوە.
شەممە 7ـی شوباتی 2026، بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئێکسیۆس"، کۆمپانیای (Anthropic) کە کۆمپانیایەکی نوێی ئەمریکییە لە بواری ژیریی دەستکرد، دوایین وەشانەکانی خۆی راگەیاندووە، ئەمەش وای کرد پشکی کۆمپانیاکانی کەرتی سۆفتوێر بە رێژەی 25% تەنها لە هەفتەی رابردوودا دابەزن، ئامرازە نوێیەکانی وەک "Claude Code" کە دەتوانێت بەبێ مرۆڤ بەرنامەسازی بکات، و "Cowork" کە وەک هاوکارێکی تەواو جێگەی فەرمانبەر دەگرێتەوە، ترسی گەورەیان لای وەبەرهێنەران دروست کردووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دۆخە سەرەتای ئەو کارەساتەیە کە پێشبینی دەکرا بۆ ئەو کارمەندانەی لە نووسینگەکاندا کار دەکەن و کاری هزری و داهێنەرانە دەکەن، جەختی لەوەشکردووەتەوە، ژیریی دەستکرد ئێستا وەک جێگرەوەیەک دەبینرێت نەک تەنها ئامرازێک بۆ زیادکردنی بەرهەم، باسی لەوەشکردووە، تەنانەت گەورە بەرپرسانی ئەم بوارەش نائومێدی خۆیان دەربڕیوە.
سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری OpenAI، رایگەیاندووە کە هەست بە بێهێزی و دڵتەنگی دەکات کاتێک دەبینێت ژیریی دەستکردەکەیان لە کارەکانی بەرنامەسازیدا بەکار دەهێنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، پیتەر کۆی، نووسەری ئەمریکی، دەڵێت:"ئەندازیارانی سۆفتوێر ئێستا کەمتر قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن، ئەمەش نیشانەی مردنی کۆمەڵگەیە لەناو ژینگەی کاردا."
سەرەڕای ئەم ترسە، هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کۆمپانیا گەورەکانی سۆفتوێر بە ئاسانی لەناو ناچن.
کۆمپانیای "PitchBook" لە راپۆرتێکدا دەڵێت:"لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، رەنگە نووسینی کۆد هەرزان بێت، بەڵام داتا و مێژووی کڕیارەکان زۆر گرانبەهان و ژیریی دەستکرد ناتوانێت بە ئاسانی جێگەی 10 ساڵ لە زانیاریی قووڵی کڕیارەکان بگرێتەوە."
چی چاوەڕوان دەکرێت؟
ئابووریناسان پێشبینی دەکەن کە لە ماوەی ساڵێک یان زیاتردا، بازاڕەکان نرخی راستەقینەی کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر هەموو کەرتەکان دیاری بکەن، هاوکات ئەم ترسەی ئێستا کەرتی سۆفتوێری گرتووەتەوە، ڕەنگە لە داهاتوودا بۆ زۆربەی پیشەسازییەکانی دیکەش بگوازرێتەوە و شێوازی ژیان و کاری هەموومان بگۆڕێت.