ئانۆ جەوهەر پرسی پاراستنی پێکهاتەکان و ئازادیی ئایینی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێ دەکات
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجامدا و تیشکی خستە سەر بارودۆخی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و پێویستیی دابینکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆیان.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لەگەڵ خاتوو دالیا تورکی، راوێژکاری باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
لەم دیدارەدا پرسی پاراستن و نوێنەرایەتیکردنی سیاسیی پێکهاتەی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆی لەسەر کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەو ئالنگاری و گرفتانە دا کە رووبەڕووی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەبنەوە، بە تایبەتی بارودۆخی خوشک و برا ئێزیدییەکان.
هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی چەسپاندنی پرەنسیپەکانی ئازادیی ئایینی، پاراستنی مافی کەمینەکان و بەهێزکردنی کلتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە کردەوە، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە دیالۆگی بەردەوام لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی پێکهاتەکان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بینراوە و ئانۆ جەوهەریش وەک نوێنەرێکی دیاری کریستیانەکان لە کابینەی نۆیەمدا، رۆڵێکی چالاک دەگێڕێت لە گەیاندنی دەنگی کەمینەکان بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان، ئەم جۆرە دیدارانە لە واشنتن لە کاتێکدایە کە پێکهاتەکان لە عێراقدا بەدەست کێشەی نوێنەرایەتیکردنی سیاسی و مەترسییە ئەمنییەکانەوە دەناڵێنن و چاویان لە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانیان.