هەڤپەیڤینی سکای نیوز عربیة لەگەڵ مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە پێویستە سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق بەگوێرەی نەریتە دیموکراسییەکان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کاندید بکرێت، و جەختیشی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)، وەک گەورەترین هێزی سیاسی کوردی و نیشتمانی، مافی ڕەوای خۆیەتی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار پێشکەش بکات. ئەم قسانەی مەسرور بارزانی لە میانی هەڤپەیڤینی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز عربیة" لە ڕۆژی شەممە 7ـی شوباتی 2026 هات، کە تێیدا باسی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، مانەوەی سەربازی ئەمریکا، هەڕەشەکانی داعش و مەسەلەی کورد لەسەر ئاستی ناوچەکە کرد.

سکای نیوز عربیة: "پرسیاری یەکەمم پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستای عێراقەوە هەیە، چونکە هەموو ناوچەکە و جیهانی عەرەبی بایەخ بەوە دەدەن بزانن کەی حکوومەتی داهاتووی عێراق پێکدێت. دەمەوێت ڕای تایبەتی جەنابت بزانم لەسەر لێدوانێکی ئەمریکییەکان کە دەڵێن ئەگەر نووری مالیکی ببێتە سەرۆکوەزیران، ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکاری عێراق ناکات. هەندێک پێیان وایە ئەمە هەڵوێستێکی دروستە کە ئەمریکا وەریگرتووە، هەندێکی تریش پێیان وایە نابێت ئەمریکا دەستوەردان لەم بابەتەدا بکات، چونکە پەیوەندی بە سەروەرییەوە هەیە و عێراقییەکان خۆیان سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێرن. ڕای جەنابت چییە؟"

مەسرور بارزانی: "لەڕاستیدا ئەوە گرنگە کە ڕێز لە ئیرادەی گەلی عێراق بگیرێت. ئێمە هەڵبژاردنمان ئەنجامدا، گەلی عێراق دەنگیان دا و بڕیاریان دا کێ نوێنەرایەتییان بکات لە پەرلەمان. بێگومان دوای پەرلەمان، کاتی دەستنیشانکردنی سەرۆکی پەرلەمان دێت، پاشان سەرۆککۆمار و بێگومان سەرۆکوەزیران. بۆیە کاندیدکردنی ئەم کەسانە دەبێت ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێت کە خەڵک چاوەڕوانی دەکات. بێگومان سەروەری وڵات زۆر گرنگە و پێموایە هەموو دۆستەکانی عێراق ئێستا ڕێز لە سەروەری وڵات دەگرن."

مەسرور بارزانی: "لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی عێراقیش زۆر گرنگن، چ پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت یان پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمە بابەتێکە پێویستی بەوەیە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە لایەک، وەک دەزانن کە دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران ئەرکی کوتلەی شیعەیە؛ ئەمە لە چەند هەڵبژاردنی ڕابردوودا بووەتە نەریت. بۆیە گەورەترین کوتلە لە ناو پێکهاتەی شیعە کەسێک کاندید دەکات بۆ سەرۆکوەزیران و پاشان ناوەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت و لە کۆتاییدا پەرلەمان ئەم بڕیارە دەدات. بۆیە ئێمە بەڕاستی بڕوامان بەوە هەیە کە کوتلەی شیعە کە پێکهاتەی سەرەکییە و بەرپرسە لە پێشکەشکردنی کاندیدەکە، دەبێت بڕیاری کۆتایی خۆی بدات و بێگومان ئێمەش ڕێز لە بڕیاری ئەوان دەگرین کە لە کۆتاییدا کاندیدی کۆتایی پێشکەش دەکەن."

 

سکای نیوز عربیة: "لە نەریتە سیاسییەکاندا وایە کە سەرۆککۆماری عێراق لە پێکهاتەی کورد بێت، ڕای جەنابت چییە لەسەر ئەو ناوانەی تا ئێستا بۆ ئەم پۆستە پێشنیاز کراون؟"

مەسرور بارزانی: "بە هەمان شێوە، دەبێت کوردیش کەسێک کاندید بکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆماری وڵات. کەواتە ئەو نابێتە تەنیا سەرۆکی کورد، بەڵکوو دەبێتە کاندیدێکی کورد بەڵام دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق. وەک چۆن سەرۆکی پەرلەمان کە هەڵبژاردەی پێکهاتەی سوننەیە و سەرۆکوەزیرانیش کە بەرپرسیارێتی پێکهاتەی شیعەیە، ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە کوردییەکان بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بدەن."

مەسرور بارزانی: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەپێی ئەو لۆژیکەی لای شیعە و سوننە بەکاردێت، زۆرینەی براوەی هەر پارتێک یان هەر کوتلەیەک لە ناو ئەو پێکهاتەیەدا بەرپرسە لە کاندیدکردنی کاندیدەکەی خۆی. ئەمە دەبێت بۆ کوردیش ڕاست بێت. لەو چوارچێوەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی جەماوەریی لە هەموو وڵاتدا هەیە، زیاتر لە یەک ملیۆن و دووسەد هەزار دەنگدەری عێراق دەنگیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، ئەمەش پارتی دەکاتە گەورەترین پارت لە هەموو عێراقدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە نیوەی دانیشتووانی کورد دەنگیان بە پارتی داوە. ئەگەر هەمان لۆژیکی شیعە و سوننە بەکاربهێنین بۆ کاندیدکردنی نوێنەرەکانیان، ئەوا مافی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە کەسێک کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی کۆمار."

مەسرور بارزانی: "ئێستا پارتی ئامادەیە بە بنەڕەتیدا و سەیری زۆرینەی گەلی کورد و بەرژەوەندی گەلی کورد بکات لە ڕێگەی قبووڵکردنی تەبایی لەسەر کاندیدێکی یەکگرتوو. بەڵام ئەگەر لایەنەکانی تر ئامادە نەبن کارمان لەگەڵ بکەن لەسەر کاندیدێکی یەکگرتوو، ئەوا تەنیا دەتوانین بگەینە تەبایی لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسییەوە کە دادپەروەر و بێلایەن بێت. ئەمەش بە بەکارهێنانی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان و لە کۆتاییدا ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت دەبێتە کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ هەموو کورد و پاشان پێشکەشی پەرلەمانی فیدراڵی دەکرێت. یان کاندیدە کوردەکانمان هەبێت، یان ئەندامانی کوردی ناو پەرلەمانی عێراق لە قۆناغی یەکەمدا دەنگ لەسەر کاندیدە بەردەستەکان بدەن و هەرکەسێک زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی کورد لە ناو پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت، دەبێتە کاندیدێکی یەکگرتوو و پاشان پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت بۆ بڕیاری کۆتایی."

مەسرور بارزانی: "بڕوامان وایە ئەم شێوازانە تەنیا ڕێگەن کە بتوانین هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانەمان هەبێت بۆ سەرۆککۆمار ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن. وا دیارە تا ئێستاش ڕێککەوتنمان نییە لەگەڵ لایەنەکەی تر بەتایبەتی یەک پارت، بۆیە لە ئێستادا ئەوەیە کە ئێمە پێشنیازی دەکەین: یان کاندیدێکی یەکگرتوومان هەبێت یان دەبێت لە ڕێگەی یەکێک لەم دوو شێوازەوە هەڵببژێرین.

 

سکای نیوز عربیة: "بێگومان ئێوە یان جەنابت کاندیدێکی دڵخوازتان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە، ئایا ناوی ئەم کاندیدەتان بردووە و کێیە؟" "ئایا پێتان وایە قۆناغی داهاتوو، جیا لە توانا کەسییەکان، پێویستی بەوەیە سەرۆککۆمار شارەزاییەکی زۆری لە سیاسەتی دەرەوەدا هەبێت؟ چونکە دۆسیەی سیاسەتی دەرەوە بەهۆی ململانێی ناوچەیی و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان و ئەمریکا زۆر گرنگ دەبێت.

مەسرور بارزانی: بێگومان، ئێمە وەزیری دەرەوەی ئێستا دکتۆر فوئاد حوسێنمان دەستنیشان کردووە. پێمان وایە کە ئەو زۆر بەتوانایە، تواناکانی خۆی سەلماندووە لە پۆستەکەیدا وەک وەزیری دەرەوە. ئەو لە ڕۆڵەکەیدا زۆر چالاک بووە و پێمان وایە دەبێتە سەرۆککۆمارێکی زۆر باش بۆ وڵات." وەک دەزانن پۆستە جیاوازەکان بەرپرسیارێتی جیاوازیان هەیە، بۆیە سەرۆک دۆسیەیەکی جیاوازی دەبێت. نابێتە وەزیری دەرەوە بەڵام بە دڵنیاییەوە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ وڵات گرنگە لە چوارچێوەی خۆیدا. ئیدی هەرکەسێک دەبێتە وەزیری دەرەوە دەبێت بەرپرسیارێتی سەرکردایەتیکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵات لەو کاتەدا بگرێتە ئەستۆ."

 

سکای نیوز عربیة: "جەنابت کاتێک لە سەردان بوویت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لێدوانت دابوو کە بوونی ئەمریکا لە عێراق لە دوو شوێندایە، لە ناو عێراق و لە هەرێمی کوردستان، جەنابت پێتان وایە بارودۆخی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە بوونی ئەمریکییەکانە بۆ ماوەیەکی درێژتر و کاتەکەشت بە کۆتایی 2026 دیاری کردبوو. ئایا هێشتا پێتان وایە پێویستە بوونی ئەمنی و سەربازی ئەمریکا بەردەوام بێت بۆ پاڵپشتی پرۆژەی کوردی دژی هەموو جۆرە تیرۆرێک؟"

مەسرور بارزانی: "پێم وایە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا و شەڕی دژی تیرۆر تەنیا بانگهێشتنامەیەک نەبوو لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، بەڵکوو بانگهێشتنامەیەک بوو لەلایەن هەموو عێراقەوە. عێراقییەکان دەیانویست ئەمریکییەکان یارمەتییان بدەن لە شەڕی دژی داعش. دەبێت بڵێم کە دەبێت زۆر سوپاسگوزار بین بۆ ئەو پشتیوانییەی کە هاوپەیمانێتییەکە بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەشی عێراق و بەتایبەتی کورد کردووە لە شەڕی دژی داعش کە لەو کاتەدا لە پێشەوەی بەرەکانی شەڕ بوون."

مەسرور بارزانی: "ئێمە پێمان وانییە داعش بە تەواوی تێکشکێندرابێت. بەڵێ خاکیان لەدەستداوە بەڵام هێشتا مۆڵگەکانی داعش لێرە و لەوێ دەجوڵێن و هێشتا بوونیان هەیە. بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریا ڕوودەدەن، هێشتا دەبینین هەندێک چالاکی ئەندامانی داعش هەیە. بێگومان بە ئازادکردنی هەندێک لەو ئەندامانەی لە زیندانە جیاوازەکاندا هێڵرابوونەوە، هەڕەشەی داعش زۆر واقیعییە. مەبەستم ئەوەیە ناتوانین ئەو ڕاستییە پشتگوێ بخەین کە داعش هەڕەشەیەکی جددی نییە، چونکە هەیە."

مەسرور بارزانی: "بۆیە پێم وایە بەڵێ، تواناکانی دەزگا ناوخۆییەکان، دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتان لە عێراق و لە سووریا و لە کوردستان باشترە لەوەی پێشتر هەبووە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە داعش ناتوانێت بە شێوەیەکی جیاواز بگەڕێتەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ هەموو ناوچەکە. بۆیە ئێمە پێمان وایە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوکاری ئەمریکییەکان بۆ ئێمە بۆ بنبڕکردنی داعش هێشتا زۆر پێویستە. کات و وادەی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی دانوستان لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا دیاری کرا، بەڵام ئێمە ڕوانگەیەکی جیاوازمان هەیە؛ پێمان وایە هێشتا پێویستمان بە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە لە شەڕی دژی داعش و هەموو جۆرە تیرۆریستە توندڕەوەکان."

مەسرور بارزانی: "پێم وایە دەکرێت داعش ڕیزەکانی ڕێکبخاتەوە. بەڵام با هەنگاوێک بگەڕێمەوە بۆ دواوە و پێتان بڵێم بۆچی هێشتا پێمان وایە داعش و تیرۆر هەڕەشەیە. داعش یان هەر ڕێکخراوێکی توندڕەو گەشە دەکات و بەهێز دەبێت لە ژینگەیەکدا کە بتوانێت تێیدا کار بکات. ئەو ژینگەیانەش بەزۆری ئەو شوێنانەن کە تێیاندا زوڵم، هەژاری، نایەکسانی و بێتوانایی هەیە. ئێمە هێشتا نابینین کە ئەم کێشانە بە دروستی چارەسەر بکرێن. هێشتا دەبینین پاکتاوی نەتەوەیی زۆر هەیە، هێشتا دەبینین زۆر بێتوانایی یان زوڵم و نایەکسانی هەیە. ئەمانە ئەو ژینگەیانەن کە ڕێکخراوە توندڕەوەکان بەزۆری سوودی لێ وەردەگرن و یاری بە خەڵک و دانیشتووان لەو ناوچانەدا دەکەن. بۆیە پێمان وایە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، پێویستە سەرەتا چارەسەری ئەم پرسانە بکرێت و پاشان بەردەوام بین لە چاودێریکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییە ناسراوەکانی وەک داعش. بۆیە بەڵێ، دەڵێم داعش هێشتا دەتوانێت بگەڕێتەوە، چونکە ژینگەکە لەوێیە.

 

سکای نیوز عربیة: چۆن سەیری ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییە دەکەن کە لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا لەم دواییانەدا ئەنجام درا"

مەسرور بارزانی: "پێم وایە هەنگاوێکی باشە لە ئاراستەیەکی دروستدا. بەڵام ئێمە پێمان وایە کورد لەوێ زۆر ئازاری چەشتووە، شایەنی ناساندنن و شایەنی هەندێک مافن. ئێمە نایەین بسەپێنین و بڵێین ئەو مافانە چین، پێم وایە ئەوان دەتوانن خۆیان دانوستان بکەن. ئێمە لەوێین بۆ هاوکاری و پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبووە بۆ پاراستنی ئاگربەست. گرنگترین شت ئەوەیە دڵنیابین لەوەی شەڕ نەبێت و لە ژینگەیەکی ئاشتیانەدا دەکرێت مەجالێکی زیاتر هەبێت بۆ دیالۆگی بەهێزتر و بنیاتنەرتر بۆ گەیشتن بە چارەسەر و ڕێککەوتنێکی بەردەوامتر. بۆیە دەڵێم هێشتا کار پێویستە، بەڵام هیوادارم بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات."

 


سکای نیوز عربیة: "کورد لە سووریا، عێراق، تورکیا و بە ڕێژەیەکی کەمتر لە شوێنی تریش هەن. جیاوازی نێوان هەر کەیسێکی کوردی چییە؟ پرسیاری دووەمم، ئایا پێتان وایە داهاتووی کورد باشترە لە ناو دەوڵەتە ناوەندییەکانی خۆیاندا جێگیر ببن، یان سەربەخۆ بن و نەتەوەیەکی کوردی یەکگرتوو پێکبهێنن؟"

مەسرور بارزانی: "ئەمە پرسیارێکی زۆر جێی سەرنج و هەستیارە جەنابت. وەک دەزانن کوردستان بە درێژایی مێژوو دابەش کراوە و مێژوو دادپەروەر نەبووە کاتێک باس لە پرسی کورد دەکرێت. بەڵام واقیعی نوێ هەیە. ئێستا کوردستان دا بەشکراوە بەسەر چوار وڵاتی سەرەکی: سووریا، تورکیا، ئێران و عێراق. هەر بەشێک لەم وڵاتانە تایبەتمەندی و دۆخی تایبەتی خۆی هەیە. ئێمە ڕێز لە تایبەتمەندی هەر یەکێک لەم ناوچانە دەگرین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کورد لە هەر یەکێک لەم وڵاتانەدا شایەنی ئەوە نین مافی تەواویان هەبێت. ئێمە ڕێز لەو شێوازە دەگرین کە ناوچە کوردییەکان لە سووریا، لە تورکیا، لە ئێرانیان لە عێراق خەبات دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان."

مەسرور بارزانی: "ئێمە دەستوەردان لە سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ ناکەین، بەڵام سەرنجی من لەسەر عێراقە و پێمان وایە لە عێراقدا گەیشتووینەتە سیستەمێکی فیدراڵی کە بڕوامان وایە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت کار دەکات. بابەتەکە پەیوەندی بەو شێوازەی نییە کە تۆ پەرەی پێ دەدەیت، بەڵکوو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تۆ بە ڕاستی دەتەوێت بەو پەیوەندییە چی بکەیت. ئێستا لە عێراقدا فیدراڵیمان هەیە بەڵام بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. هێشتا کێشەمان هەیە. بەڵام لە هەندێک ناوچەی تردا هێشتا دانوستان هەیە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم پەیوەندییە ڕاست بکرێتەوە. بۆ نموونە لە تورکیا پرۆسەیەکی ئاشتی هەبوو کە دەستی پێکردبوو، هیوادارم ببێتە هەوێنی چارەسەرێکی بەردەوامتر. لە ئێرانیشدا پێم وایە کورد شایەنی ئەوەیە مافی خۆی هەبێت، بەڵام ئەوە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە کە بڕیار بدەن چ جۆرە پەیوەندییەک دەیانەوێت پەرەی پێ بدەن."

مەسرور بارزانی: "وەک نەتەوەیەک، کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر، شایەنی ئەوەن مافی بڕیاردانی چارەنووسیان هەبێت. ئەمە هەندێک جار تەنانەت قسەکردنیش لەسەری قەدەغەیە، بەڵام پێویستە ڕێگری لە کورد نەکرێت باسی خەونەکانیان بکەن. کورد وەک هەر نەتەوەیەکی تر مافی یەکسانیان هەیە؛ هەمان ئەو مافانەیان هەیە کە عەرەب و فارس و تورک هەیانە. واقیعەکە جیاوازە و ئێمەش مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆدا دەکەین."

 

سکای نیوز عربیة: کاتێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیارت لێ کرا: ئایا کوردیت یان عێراقی؟ یەکسەر وات وەڵام دایەوە 'کوردم' و بیرت لێنەکردەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەو هەرێم یان دەوڵەتەی تێیدا دەژیت هەموو مافەکانت بداتێ، کێشە چییە عێراقی بیت (ئەگەر هەموو مافەکانت بدەن)؟"

مەسرور بارزانی: "من پێم وانییە کورد بوون کێشە بێت. تەنیا ئەو کەسانەی فرەیی ڕەت دەکەنەوە یان ڕێز لە نەتەوەکانی تر ناگرن، ناسنامەی کوردی وەک کێشەیەک دەبینن. خودا منی بە کورد دروست کردووە، ناتوانم نکۆڵی لێ بکەم و شانازی دەکەم بەوەی کوردم. جا چ لە عێراق بژیم یان لە هەر شوێنێکی تر، من کوردم و ناتوانم ئەو ناسنامەیە بگۆڕم و هەرگیزیش نایگۆڕم. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: پەیوەندی من لە عێراقدا چۆنە؟ چۆن مامەڵەم لەگەڵ دەکرێت؟ ئەگەر کورد هەست بکەن کە هاووڵاتی یەکسانن لە هەر یەکێک لەم وڵاتانەدا، ئەوا ناچار نابن بەدوای چارەسەری تردا بگەڕێن، بەڵکوو وەک هەر هاووڵاتییەکی تری ئەو وڵاتە چێژ لە ژیان وەردەگرن."

مەسرور بارزانی: "بەڵام با پێتان بڵێم، لە عێراقدا بۆ نموونە ئێمە کۆتا کەسین کە مووچە وەردەگرین، ئەگەر هەر وەریبگرین. ئەمە بەداخەوە پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، نەک تەنیا پێشێلکردنی مافی کورد. چونکە دەستووری عێراق داوای مامەڵەی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەکات لەوانەش کورد. بەڵام ئێمە ئەوە نابینین. دەبینین بودجە وەک کارتێکی سیاسی دژی گەلی کورد بەکاردەهێنرێت. بێگومان هەمیشە ڕوونکردنەوە هەیە کە گوایە کورد ڕۆڵی خۆیان نەگێڕاوە، بەڵام بێگومان ئەگەر حوکمڕانییەکی باش هەبێت، بە دادپەروەرییەوە سەیری ئەوە دەکات کە کورد چۆن پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و حکوومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کردوون."

 

سکای نیوز عربیة: "زانیوومە کە ملیاران دۆلار زیانتان بەرکەوتووە بەهۆی دواکەوتنی دەوڵەتی ناوەندی لە ناردنی شایستە داراییەکانتان، وەک شایستەی نەوت، باج و خزمەتگوزارییەکان. بۆ چەندین ساڵ کێشەتان لەگەڵ بەغدا هەبوو، ئایا لەگەڵ حکوومەتی سوودانیدا پەیوەندییەکان باشتر بوون سەبارەت بە مووچە، یان هەمان سیاسەتە؟"

مەسرور بارزانی: "ئێمە پشتیوانی بێ مەرجمان بۆ سەرۆکوەزیران سوودانی نیشانداوە. بێگومان ئێمە هەمیشە پشتیوانی بۆ هەر سەرۆکوەزیرانێک پێشکەش دەکەین بەو هیوایەی کە ڕێز لە دەستوور بگرن وەک پێویست. ئێمە چاوەڕێی هیچ سەرۆکوەزیرانێک ناکەین کە ببێتە سەرۆکوەزیرانی پێکهاتەیەکی دیاریکراو و بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییان بکات. بەداخەوە تا ئێستا نەمانبینیوە کە لە هەموو قۆناغەکانی سەرۆکایەتی وەزیرانی هەموو ئەم سەرۆکوەزیرانانەدا بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت."

 

سکای نیوز عربیة: "چۆن توانیوتانە پەیوەندییەکی ژیرانە و حەکیمانە لەگەڵ بەغدا، تاران و واشنتن بە شێوەیەکی یەکسان و لە یەک کاتدا ڕابگرن؟"

مەسرور بارزانی: "ئێمە هەوڵدەدەین ببینە توخمێکی بنیاتنەر و ئەرێنی. داوای کێشە ناکەین، داوای دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێمان ناکەین. ئێمە دەمانەوێت ڕێزی یەکترمان هەبێت، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر لەگەڵ هەمووان بێت. ئەوەش ئەو شێوازەیە کە ئێمە کارمان لەسەر کردووە: پاراستنی پەیوەندی باش لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگری لەسەر پاراستنی مافەکانمان دەکەین کاتێک باس لە پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا دەکرێت. بۆیە، بوون بە هاووڵاتی باش زۆر قورس نییە. پێم وایە کورد سەلماندوویانە کە نایانەوێت ببنە بەشێک لە کێشەکە، بەڵکوو دەیانەوێت ببنە بەشێک لە چارەسەرەکە. بە درێژایی ساڵان کورد سەلماندوویانە کە ئەوان بەشێکن لە چارەسەرەکان نەک کێشەکە."

 

سکای نیوز عربیة: "جەنابت دەبینیت کە قەبارەی ململانێ ناوخۆیی و ناوچەییەکان ماندووبوونێکی زۆری بۆ ناوچەکە دروست کردووە و هەمیشە وا دەکات لەسەر لێواری جەنگ بژین، بۆ نموونە چاوەڕێی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران یان ئەگەری لێدان دەکەین. ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە بارودۆخانەدا دەکەن؟"

مەسرور بارزانی: "من تەنیا دەتوانم بۆ خۆمان قسە بکەم، ناتوانم بۆ هیچ وڵاتێکی تر قسە بکەم. بێگومان ئێمە نامانەوێت گرژی ببینین، نامانەوێت ململانێ ببینین، نامانەوێت ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ببینین. پێمان وایە کات دەتوانێت برینەکان ساڕێژ بکات و هیوادارین کێشەکان چارەسەر بکات. باشتر وایە هەموو وڵاتێک هەوڵ بدات کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات یان لانیکەم لە کێشەکە دوور بکەوێتەوە، سووتەمەنی بۆ ئاگرەکە زیاد نەکات. سەبارەت بە عێراق، ئێمە دەمانەوێت و ئەوەشە کە هەوڵمان داوە بیکەین و سوپاس بۆ خودا ئەوەشمان لە بەغداوە بینیوە: کە پێویستە عێراق لەم ململانێیانە دوور بکەوێتەوە. پێم وایە هەموو وڵاتان دەبێت هەوڵ بدەن کێشەکان کۆنترۆڵ بکەن و نەبنە بەشێک لە ئاڵۆزکردنی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە."